پێنتاگۆن بۆ جەنگ داوای 200 ملیار دۆلاری لە کۆشکی سپی کردووە
لە کاتێکدا پێشووتر ترەمپ ڕەخنەی لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەگرت بەهۆی تەرخانکردنی ملیارەها دۆلار بۆ جەنگی ئۆکراینا، ئێستا خۆی دەیەوێت پارەیەکی زیاتر لەوەی بایدن بۆ جەنگی ئێران تەرخان بکات.
ئەمریکا نیازی درێژکردنەوەی جەنگی لەگەڵ ئێران هەیە و بۆ ئەم مەبەستە دەیەوێت ملیارەها دۆلار وەک بودجە بۆ خەرجییەکانی جەنگ تەرخان بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، واشنتن پۆست ڕایگەیاند، بەمەبەستی پەرەپێدانی تواناکانیان لە بەردەوامبوون لە جەنگ لەگەڵ ئێران، بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) داوایان لە کۆشکی سپی کردووە "داوای پارەدارکردنی 200 ملیار دۆلار" بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکە قبووڵ بکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تەنیا لە هەفتەی یەکەمی جەنگدا ئەمریکا زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری خەرج کردووە.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، پێنتاگۆن لە دوو هەفتەی ڕابردووەوە چەندین جار داواکاری پارەدارکردنی جەنگی پێشکەشی کۆشکی سپی کردووە، بەڵام ڕوون نییە کۆشكی سپی کام داواکاری قبووڵ دەکات و دەیخاتە بەردەم یاسادانەران لە کۆنگرێس؛ بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پێشبینی ناکەن داواکارییە 200 ملیار دۆلارییەکە قبووڵ بکرێت. داواکارییەکە بەلایەنی کەم پێویستی بە 60 دەنگ هەیە لە ئەنجوومەنی پیران تا بگاتە پڕۆسەی گفتوگۆی یاسادانەران لەسەر دواخستن یان ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە (فیلیبەستەر).
ترەمپ لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا بە بەردەوامی ئاماژەی بە هەڕەشە "نزیکبووەکانی" ئێران لە دژی ئەمریکا کردووە بەهۆی بەرپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکە دوورهاوێژەکانی وڵاتەکە، بەڵام ئەم جەنگە بە خۆڕایی نییە و تێچووەکەی لە گیرفانی باجدەرە ئەمریکییەکانەوە دەدرێت.
ترەمپ هەڵمەتەکەی لەسەر بەڵێنی کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە جیهاندا بنیاتناوە، پێشووتر زۆرجار ڕەخنەی لە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرتووە بەهۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ جەنگی ئۆکرانیا تەرخانکراوە، پار ساڵ کۆنگرێس بڕی 188 ملیار دۆلاری بۆ شەڕی ئۆکرانیا پەسەند کرد.
داواکردنی پارە ئەگەری هەیە گژییەکی سیاسی گەورە لە کۆنگرێس دروست بکات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی پشتیوانی خەڵک بۆ هەوڵەکانی جەنگ لاوازە و دیموکراتەکانیش بە هەموو شێوەیەک دژی جەنگەکە دەوەستنەوە، بەڵام کۆمارییەکان پشتگیری لە داواکارییەکە دەکەن، بەڵام هێشتا لەسەر ستراتیژی یاسادانان ڕێکنەکەوتوون یان ڕێگەیەکی ڕوونیان نەدۆزیوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی 60 دەنگی پێویست لە ئەنجوومەنی پیران.
بەگوێرەی ئامارێکی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا، لە سەرەتای جەنگەوە 28-2-2026 تا ئێستا زیاتر لە 7,800 ئامانجیان لە ئێران پێکاوە، زیاتر لە 120 کەشتی جەنگی وڵاتەکەشیان تێکشکاندووە یان زیانیان پێگەیاندووە.