بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: 29 هێرشی درۆنی و مووشەکیمان ئەنجام داوە
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارەتی خۆی لە چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکی ڕاگەیاند.
هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر پێگە و خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، کەمێک لەمەوبەر بەرەی مقاوەمە ئیسلامی بەرپرسیاریەتی خۆی لە 29 هێرش ڕاگەیاند.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 29 هێرشی درۆنی و مووشەکییان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ناوخۆ و ناوچەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دووپاتی کردەوە، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ پێکانی ئامانجە ستراتیژییەکان بەکارهێنراون.
لە درێژەی بەیاننامەکەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هاتووە، کە بۆردومانکردنی پێگە سەربازییەکانی دوژمن لە وڵاتدا بەردەوام دەبێت، وەک وەڵامێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی دەکرێنە سەر سەروەریی خاکی وڵاتەکە.
28ـی 2ـی 2026 ئەمریکا و ئیسڕائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، لەو کاتەوە گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق هێرش دەکەنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.