د. سارا موحسین؛ هەڵوێست و کۆمەڵ لەبری وەستاندنی مووشەک بوونەتە خەنجەری دوژمن
دوای سەردانەکەی هەردوو فراکسیۆنی هەڵوێست و کۆمەڵ بۆ لای سوودانی و سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی، د. سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان هێرشی تووند دەکاتە سەر هەردوو فراکسیۆنەکە.
دوێنێ پێنجشەممە 12-3-2026، دوای سەردانێکی فراکسیۆنی هەڵوێست و کۆمەڵ بۆ لای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوو فراکسیۆن ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان بۆ سەر حەشدی شەعبی لە ناوچەکە کرد، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە یان ئیدانەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بکەن.
لە بەرامبەر هەڵوێستی ئەم دوو فراکسیۆنەی کوردستان، د. سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ئەوانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆن یان ئایین یان هەر دروشمێکی ترەوە دەچنە ئەوێ (بەغدا) و دەبنە بەشێک لە ئەجێندای حەشد و نەیارانی کورد، نەک هەر سیاسی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو ستەمەی لەم نیشتمانە دەکرێت. هاوکات سەلماندوویانە کە دروشمەکانیان تەنها بۆ بازاڕی هەڵبژاردن بووە، نەک بۆ پاراستنی خاک.
دەقی نووسراوەکەی د. سارا موحسین:
کاتێک کوردێک لە بەغداد دەبێتە خەنجەری نەیار
شکۆ و پێگەی سیاسی بە بەرگریکردن لە مافی خەڵک و کەرامەتی نەتەوەیی دروست دەبێت.کاتێک سیاسییەک دەچێتە بەغدا و لەبری ئەوەی مێزی گفتوگۆ بەکاربهێنێت بۆ وەستاندنی ئەو درۆن و مووشەکانەی کە دەخرێنە خوارەوە بۆ سەر منداڵ و خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان، لە جیاتی ئەوەی وەک هاوبەش مامەڵە بکات ، دەبینین وەک پاشکۆ دەردەکەوێت، کە بەم هەڵوێستە نەک هەر خۆی، بەڵکو شکۆی ئەو میللەتەش بریندار دەکات کە نوێنەرایەتی دەکات.
ئەوانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆن یان ئایین یان هەر دروشمێکی ترەوە دەچنە ئەوێ و دەبنە بەشێک لە ئەجێندای حەشد و نەیارانی کورد. ئەوەی بەرگری لەو میلیشیایانە بکات کە خوێنی کوردیان ڕشتووە، نەک هەر سیاسی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو ستەمەی لەم نیشتمانە دەکرێت.، هاوکات سەلماندوویانە کە دروشمەکانیان تەنها بۆ بازاڕی هەڵبژاردن بووە، نەک بۆ پاراستنی خاک.
پشتگوێخستنی ئەو هەموو ستەم و فشارە دارایی و سەربازییەی کە لەسەر هەرێمە، تەنها بۆ ئەوەی لە بەغدا وەک کوردێکی باش و گوێڕایەڵ سەیر بکرێن، لوتکەی بێوەفاییە بەرامبەر نیشتمان, چونکە ئەمە تەنها ناکۆکییەکی سیاسی نییە؛ بەڵکو هەستی بەرپرسیارێتییە.
مێژوو هەمیشە دەیسەلمێنێت کە ئەوانەی لە پێناو مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیی کاتی، پشتیان لە میللەتەکەی خۆیان کردووە، لە کۆتاییدا نە لای بەغدا ڕێزیان ماوە و نە لای گەلی خۆیان.ئەوەی بە پاساوی ناکۆکییە سیاسییەکان دەستی باوەش بۆ نەیارانی کورد دەکاتەوە، دەبێت بزانێت کە ئەمە تەنها هەڵوێستێکی کاتی نییە. بەڵکو هەڵوێستێکە کە لە مێژوودا دەنووسرێت. گەلەکان زۆر شت لەبیر دەکەن، بەڵام ئەو کەسانە هەرگیز لەبیر ناکەن کە لە کاتی سەخترین بارودۆخەکاندا لە کوێ وەستان.
با کەس ئەم هاوکێشەیە تێکەڵ نەکات خاک و نیشتیمان موڵکی هیچ حیزب و لایەنێک نییە. ئەمە بەرگرییە لە بوون و کەرامەتی نەتەوەیەک کە دەیانەوێت بە برسێتی و مووشەک چۆکی پێ دابنێن. ئەوەی بە پاساوی دژایەتی حزب، باوەش بۆ نەیارانی کورد دەکاتەوە، مێژوو وەک پەڵەیەکی ڕەش ناوی دەنووسێتەوە.نیشتیمان بیرۆکەیەکی گەورەترە لە ئاڵای حیزبەکان، و قووڵترە لە سنووری بەرژەوەندییە تەسکە سیاسییەکان. حیزبەکان نامێنن و دەگۆڕدرێن و تێپەڕن، بەڵام نیشتیمان بەنەمری دەمێنێتەوە.