سەرۆککۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەولێر و سلێمانی دەکات
سەرۆککۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت
14 ڕۆژە هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ ئیدانەی هێرشەکان دەکات و دەڵێت: "ئەم کارە سەربازییانە ئاسایشی ناوچەکە تێ دەدات".
کەمێک لەمەوبەر د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق بڵاوکردەوە، کە ئیدانەی ئەو بۆردومانە سەربازییە بۆ سەر ناوچە گرنگەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بارەگا ئەمنییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەکات، بەتایبەتی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.
د.لەتیف ڕەشید هێرشەی گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە بێ پاساو وەسف دەکات و ئاماژە بەوە دەدات. لەوانەیە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و تەواوی ناوچەکە تێک بدات.
سەرۆککۆماری عێراق داوای کۆتاییهێنان بە گرژی و پەنابردن بۆ دیالۆگ و چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.
لە درێژی قسەکانیدا د.لەتیف ڕەشید دەیەوێت حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگ بن بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکانی ئێستا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.
سەرۆککۆماری عێراق سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەلێت: "داوا لە خوای گەورە دەکەین ڕەحمەتی گەورەیان پێ ببەخشێت و بریندارەکان زوو چاکببنەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی 28ـی 2ـی 2026 لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئێسڕائیل، لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شارەکانی (هەولێر و سلێمانی) ناوچە مەدەنی و سەربازییەکان دەکرێنە ئامانج.