پایتەخت

کریس مورفی: ئامانجی جەنگەکە بۆ لەناوبردنی پرۆگرامی ئەتۆم و گۆڕینی ڕژێم نییە

کریس مورفی: ئامانجی جەنگەکە بۆ لەناوبردنی پرۆگرامی ئەتۆم و گۆڕینی ڕژێم نییە
کورتە

کریس مورفی، سیناتۆری دیموکراتەکانی ئەمریکا بە ئامانجەکانی ئیدارەی ترەمپ تووشی سەرسوڕمان بووە و دەڵێت: "هیچ پلانێکی ڕوونیان نییە."

سیناتۆرێکی دیموکراتەکانی ئەمریکا زانیاری نێو کۆبوونەوەیەکی ئەمنی ئیدارەی ترەمپ لەسەر ئامانجی ئەمریکا لەم جەنگەی لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد.

کریس مورفی، سیناتۆری دیموکراتەکانی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری ئەمنی بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکە بۆ تاوتوێکردنی جەنگەکە، لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "ئیدارەی ترەمپ تا ئێستا پلانێکی ڕوونیان بۆ یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی جەنگەکە نییە، کە ئەویش گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و لەناوبردەنی پرۆگرامی ئەتۆمی وڵاتەکەیە."

لە کۆبوونەوەکە ئاماژە بە هەندێک خاڵ کراوە، کە بەگووتەی ئەم سیناتۆرە ئەمریکییە، تووشی سەرسوڕمانیان کردووە، چونکە جەخت کراوەتەوە کە ئامانجیان لە جەنگەکە نە لەناوبردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانە، نە لە گۆڕانی ڕژێمە. کریس مورفی دەڵێت: "ئەمە جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە لەکاتێدا ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بەردەوام ئاماژە بە لەناوبردنی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەکات، بەڵام ئێمە دەزانین کە ئەم هێرشانە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لەناونابەن."

ئەم سیناتۆرەی ئەمریکا ئاماژەی بە ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەم جەنگە کرد، کە ئەویش لەناوبردنی ژمارەیەکی زۆری مووشەک، هێزی دەریایی و کارگەکانی دروستردنی درۆنی ئێرانە. لە کۆبوونەوەکە لە پرسیاری "چی ڕوودەدات ئەگەر ئێوە لە بۆردوومانکردن بوەستن و ئێرانیش دەست بە دروستکردنی مووشەک بکاتەوە؟"، ئیدارەی ترەمپ گووتیان: "بۆردوومانی زیاتر دەکەین".

سەرەڕای ئەمانەش، کریس مورفی دەڵێت: "تەنانەت پلانێکی ڕوونیان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمزیش نەبوو"، (کە 20%ـی نەوتی هەموو جیهانی پێدا دەڕوات). کریس مورفی ئەم هەڵوێستانەی ئیدارەی ترەمپ بە "جێگەی لێخۆشبوو نین" وەسف کرد، چونکە "ئەم کارەساتە 100% پێشبینیکراو بوو."

11 ئازار 2026 12:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026