پایتەخت

ئەمریکا: 10 ملیۆن دۆلار دەدەین بەو کەسەی زانیاریمان لەبارەی موجتەبا خامنەیی پێبدات

 ئەمریکا: 10 ملیۆن دۆلار دەدەین بەو کەسەی زانیاریمان لەبارەی موجتەبا خامنەیی پێبدات
کورتە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کوشتنی سەرکردەکانی ئێران و بەتایبەتی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای وڵاتەکە، ئۆفەرێکی ملیۆنان دۆلاری پێشکەش دەکات.

دوای کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی باڵای ئێران، ئەمریکا لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پارە بە خەڵک، هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر سەرکردەکانی دیکەی ئێران دەدات.

ئەمڕۆ هەینی، دەزگای ئاسایشی دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێنەی ژمارەیەک سەرکردەی ئێرانی بە موجتەبا خامنەیییەوە، ڕێبەری باڵای وڵاتەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، 10 ملیۆن دۆلار پێشکەشی هەر کەسێک دەکەن، کە زانیارییان لەسەر ئەم سەرکردانە پێ بدات.

جگە لە موجتەبا خامنەیی، لە نێو سەرکردەکان، عەلی ئەسغەر حیجازی، جێگری سەرۆکی نووسینگەی ڕێبەری کۆچکردووی وڵاتەکە، یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری باڵا، ئەسکەندەر مۆئمینی، وەزیری ناوخۆ و ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعات و  عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەیە.

جگە لەم سەرکردانەش، ئەمریکا هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چوار بەرپرسی (ناونەهێندراو)ـی سوپای پاسداران دەدات، کە وێنەکانیان بڵاونەکراوەتەوە، ئەوانیش سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای بەرگری، سەرۆکی نووسینگەی سەربازیی ڕێبەری باڵا، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، لەگەڵ ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێرانە.

ئەمە لە کاتێدایە، لە ڕۆژی 28ی مانگی رابردوو، لە هێرشێکی هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران، توانیان عەلی خامنیەی ڕێبەری باڵای ئێران و چەندین سەرکردەیەکی دیکەی وڵاتەکە بکوژن. جگە لە عەلی خامنەیی، موجتەبا خامنەیی کوڕی، کە دوای کوژرانی باوکی بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە هەڵبژێردرا، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی جەنگەکە بریندار ببوو و قاچێكی شکابوو.

 هەر ئەمڕۆش وەزیری جەنگی ئەمریکا لەسەر ڕێبەری باڵای ئێران گووتی: "موجتەبا خامنەیی بریندارە و پێدەچێت دەموچاوی بریندار بێت". لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، کە بڕیارە ئەمڕۆ پەخش بکرێت، گوتی: "پێم وایە ئەو (موجتەبا خامنەیی) لە ژیاندا بێت. پێم وایە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام رەنگە بە شێوەیەک لە شێوەکان مابێت."

13 ئازار 2026 22:46
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026