وەزارەتی دارایی هەرێم: بڕی 365 ملیار دیناری دیکەی مووچە گەیشت
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کە بڕی 365 ملیار و 702 ملیۆن دیناری دیکە بۆ مووچەی مانگی شوبات گەیشت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتنی بڕی 365 ملیار دیناری دیکەی مووچە ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات، سبەی چاوەڕوان دەکرێت دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گوژمەیەکی دیکە بەبڕی 365 ملیارو 702 ملیۆن دینار وەک بەشێکی دیکە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت سبەی دووشەممە لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بکەین.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغدا کرد، بۆ ڕۆژی دواتریش وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە گوژمەیەک بڕی 274 ملیار و 963 ملیۆن دینار وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی ڕەوانە کرد.