وۆڵ ستریت جۆرنال: ئەمریکا 5,000 مارێنز دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە کاتێکدا پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا دڵنیایی داوە لەوەی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە درێژە ناکێشێت، ئێستا بە ناچاری هێزی زیاتر بۆ کردنەوەی گەرووەکە دەنێرنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمریکا بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمجارە چەندین هێزی دیکەی سەربازی و کەشتی جەنگی دەنێرێت.
ئەمڕۆ هەینی، وۆڵ ستریت جۆرنال بڵاویکردەوە، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا داوایەکی فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)ـی قبووڵ کردووە، کە داوای ناردنی یەکەیەکی دیکەی 'مارێنز'ـیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەم هێزە لە ژمارەیەک کەشتی جەنگی و 5000 سەرباز پێکهاتووە.
بە گووتەی دوو بەرپرسی ئەمریکا، ئەم یەکەی مارێزنە لە ژاپۆن جێگیرکرابوون، لە ئێستادا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون، کە خاوەنی چەندین کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوون، وەک فڕۆکەی جەنگیی ئێف سی پێنج و فڕۆکەی 22 ئێم ڤی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هێزی مارێنز لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونیان هەیە و یارمەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران دەدەن.
ئەم جمووجۆڵە سەربازییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئێران چەندین ڕۆژە گەرووی هورمزی بەڕووی کەشتییە نەوتییەکانی جیهان داخستووە، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری جیهان هەیە، هاوکات نرخی گاز و نەوتی بەرزکردووەتەوە. هەر ئەمڕۆش سوپای پاسداران هۆشدرای دا ئەمریکا و ئیسڕائیل، کە گەرووەکە بەداخراوی دەهێڵنەوە.
پێشووتر لە وەڵامی پرسیاری "کەی گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتییەکاندا دەبێتەوە"، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا گووتی: تاکە ڕێگر لە تێپەڕبوونی کەشتی لە گەرووی هورمز بۆردوومانکردنی کەشتییەکانە لەلایەن ئێرانەوە، ئێمە پلانمان بۆ هەموو هەڵبژاردەیەک هەیە، هورمزیش گەروویەک نییە ئێمە بهێڵێن ببێتە ڕێگر لەبەردەم هاتووچۆی بازرگانی کاڵا."