پایتەخت

سەرۆك بارزانی: هەموو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت

سەرۆك بارزانی: هەموو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت
کورتە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مامۆستا سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد و هەردوولا پرسی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پێکهێنانی حکومەتییان تاوتوێکرد.

 

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە م.سەلاحەددین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كرد، پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و یەکگرتووی کوردییان تاوتوێ کرد.

 

ئەمڕۆ سێشەممە بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا م.سەلاحەددین بەهائەدین سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ ئەو پەرۆشی و بەدەنگەوەهاتن و هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاڤا کرد، ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا بینیویەتی.

 

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا: "ئەولەویەتمان پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی كوردستانە و هەرێمی كوردستانیش لەپێناو نەهێشتنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیری ئامادەیە لە هەر ڕۆڵێكی ئاشتیخوازانەدا بەشدار بێ كە لێی بخوازرێ".

 

بارەگای بارزانی باسی نیگەرانی سەرۆك بارزانی دەکات، لەوەی هەندێ گروپ لە پەراوێزی ئەم شەڕە ناوچەییەدا و لەژێر بیانووی بێ بنەما پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن.

 

بارەگای بارزانی پەیامی سەرۆک بارزانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕادەگەیەنێت، لەبەر بەرژەوەندییە باڵاكان و هەستیاریی قۆناغەكە پێویستە لایەنە سیاسییەكان هەماهەنگی و گفتوگۆی زیاتریان هەبێت و گرنگە هەموو لایەك دەستوبرد بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوانی نیشتیمانی كە تێیدا هەموو لایەك شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی. 

 

سەرۆک بارزانی لەبارەی پێكهێنانی ئەنجوومەنی سیاسی دووپاتی کردەوە، بە پێویستی دەزانێت هەموو پارتە سیاسیەكان تێیدا بەشدار بن بەڵام ئەو ئەنجوومەنە نەبێتە ئەلتەرناتیڤی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.

10 ئازار 2026 17:00
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026