پایتەخت

لویس ساکۆ: خانوو و ئۆتۆمبێلم نییە

لویس ساکۆ: خانوو و ئۆتۆمبێلم نییە
کورتە

لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدان لە نوێترین لێدوانیدا ڕوونکردنەوەی لەسەر دەست لەکارکێشانەوەی خۆی و سەروەت و سامانەکەی دا.

لویس ساکۆ پاش 13 ساڵ کارکردن وەکو پاتریارک نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پاپا لیۆ چواردەهەمی کرد، ئاماژە بەوە دەدات، لە دوای 75 ساڵی تەمەنی خانوو و ئۆتۆمبێلی نییە.

مار لویس ڕافائیل ئای ساکۆ، خەڵکی زاخۆیە و 4ـی تەمموزی 1948 لە دایکبووە، لە ساڵی 1974 لە ئەپستۆریای کلدانەکانی موسڵ وەک قەشە دەستنیشان کراوە.

لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدان لەسەر دەست لەکارکێشانەوەی خۆی دەڵێت: "ئەم بابەتەم لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆچکردوو تاوتوێ کردبوو، بەڵام ئەو هانی دام کە بمێنمەوە و دوێنێ بەیانی بڕیارەکەم بەتەواوەتی دا، تاکو بە بێدەنگی خۆم تەرخان بکەم بۆ پاڕانەوە، نووسین و خزمەتی سادە".

لویس ساکۆ ئاماژە بەوە دەدات، کەس داوای لێنەکردووە و خۆی ویستی دەست لەکارکێشانەوەی هەبووە، کاتێکیش سەرکردایەتی کڵێسای کلدانی کردووە لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و لە نێو ئاستەنگی گەورەدا.

پاتریارکی کەنیسەی کلدان داوای لێبوردن لە هەر کەسێک دەکات کە ئازاری دابێت هیوادارە سەرکردایەتی کڵێسای کاسۆلیکی کلدانی بخرێتە ئەستۆی پاتریارکێک کە خاوەن بیرکردنەوە، کەلتووری ئایینی پتەو بێت.

لویس ساکۆ، زیاتر لە 200 وتار و 20 کتێبی لە بوارەکانی ئیلاهیاتی مەسیحی و فیقهدا نووسیوە و چاپی کردووە.

لە درێژەی قسەکانیدا لویس ساکۆ لەبارەی سامانەکەی ڕوونیکردەوە: "خاوەنی نزیکەی 40 ملیۆن دیناری عێراقی و 5000 دۆلار و 5000 یۆرۆم لە مووچەکانم لە ماوەی 52 ساڵ خزمەتی کاهینیێتی، لەگەڵ بڕێکی دیکەش کە بەشی منە لە فرۆشتنی خانووی خێزانەکەم لە موسڵ، خانوو و ئۆتۆمبیلم نییە".

کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت و ژمارەی کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 هەزار کەسە.

10 ئازار 2026 16:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026