سەرۆکایەتی هەرێم: ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئێران
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی و سەربازی ئەنجامدا و تێیدا جەخت لە پاراستنی ناوچەکە لە جەنگ کرایەوە
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران یان هەر وڵاتێکی دراوسێ، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ڕێگری لە گروپە لەیاسا دەرچووەکان بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادە بوون.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و به هيچ شێوهيهك ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران یان هەر وڵاتێکی ديكهی دراوسێ.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە دەکات، کە لەلایەن گرووپە لەیاسا دەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زيانى گيانى و ماڵييان لێ كهوتووهتهوه.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره لهوهى ئهركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.