پایتەخت

لاریجانی هەڕەشەی کوشتنی ترەمپ دەکات

لاریجانی هەڕەشەی کوشتنی ترەمپ دەکات
کورتە

لە وەڵامی هەڕەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە هۆشداری "تیاچوونی خۆی" پێ دەدات.

سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و هەڕەشەکانی بە "بەتاڵ" وەسف دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس وێنەی پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دانابوو و نووسیویەتی: "گەلی ئێرانی عاشورایی لە هەڕەشە بەتاڵەکانی تۆ ناترسێت، چونکە کەسانی زۆر لە تۆ مەزنتر شکستیان لە هەوڵی لەناوبردنی ئەم گەلە هێناوە، بۆیە ئاگادار بە نەوەک تۆ خۆت تیابچیت."

ئەم قسانەی لاریجانی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ترەمپ لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیال هەڕەشەی تووندی لە ئێران کرد و نووسی: "ئەگەر ئێران هاتووچۆی نەوت لە گەرووی هورمز ڕابگرێت، گورزێکیان لێ دەدەین، 20 جار لەو هێرشانە بەهێزتر بێت کە تائێستا کردوومانەتە سەر وڵاتەکە. هەروەها هێرش دەکەینە سەر ئەو ئامانجانەی کە بە ئاسانی تێکدەشکێن و وا لە ئێران دەکەین، کە بە هیچ شێوەیەک نەتوانن وەک نەتەوە دووبارە بنیاد بنرێنەوە."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسی: "مردن، ڕق و کینە و ئاگر باڵ بەسەر ئێراندا دەکێشێت، بەڵام نزا دەکەم ئەمە ڕوونەدات." ترەمپ ئەم هەڵوێستە تووندەی بۆ پاراستنی رێرەوی هورمز وەک "دیارییەکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ چین و هەموو ئەو وڵاتانەی کە گەرووی هورمز بەکار دەهێنن" وەسف کرد. کە نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا دەڕوات.

ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێدایە، جەنگی نێوان هەردوو وڵات پێی ناوەتە یازدەمین رۆژییەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکان هیچ هیوایەک بۆ دانوستان نەماوە، تەنانەت هەر ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دانوستانکردنی لەگەڵ ئەمریکا بە "مەحاڵ" لە قەلەم دا، جەختی کردەوە: "دانوستان لە ئەجێندای ئێمەدا نییە، چونکە ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە."

10 ئازار 2026 16:14
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026