موجتەبا خامنەیی لە سێبەرەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات
موجتەبا خامنەیی کە ساڵانێکی زۆر وەک "پیاوی سێبەر" و بڕیاردەری پشت پەردە دەناسرا، ئێستا لە ڕووناکیدایە.
سەردەمێکی نوێ لە تاران؛ موجتەبا خامنەیی لە سێبەرەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات
ئێران چووه قۆناغێکی مێژوویی نوێوە، دوای دەیان ساڵ لە دەسەڵاتی ڕەهای عەلی خامنەیی، ئێستا کوڕەکەی "موجتەبا خامنەیی" وەک ڕابەری نوێی کۆماری ئیسلامی دەستنیشانکرا. ئەم گۆڕانکارییە تەنها گۆڕینی ناوێک نییە، بەڵکو گۆڕینی شێواز و ستراتیژی وڵاتێکە کە لە نێوان تەنگژە ناوخۆییەکان و ململانێیە دەرەکییەکاندا دەکوڵێت.
موجتەبا خامنەیی کە ساڵانێکی زۆر وەک "پیاوی سێبەر" و بڕیاردەری پشت پەردە دەناسرا، ئێستا لە ڕووناکیدایە.
موجتەبا خامنەیی کێیە؟
موجتەبا خامنەیی، کوڕی دووەمی عەلی خامنەیی، هەمیشە وەک کەسایەتییەکی تەمومژاوی دەردەکەوت. ئەو پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکان و لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە.
موجتەبا لە ڕووی کەسایەتییەوە بەوە دەناسرێت کە کەسایەتییەکی تووندی هەیە و زۆر کەم لە میدیاکان دەردەکەوێت و ئەو کاریگەرییەکی بێ وێنەی لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، بەتایبەت خۆپیشاندانی ساڵی ٢٠٠٩ هەبووە.
لە ڕووی پێگەی ئاینییەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا پلە ئاینییەکانی موجتەبا زۆر بە خێرایی گۆڕاون، تەنانەت بۆ ئەوەی ببێتە "موجتەهید" و شەرعیەتی وەرگرتنی پۆستی ڕابەری هەبێت، پێویست بووە چەند پلەیەکی تایبەت وەرگرێت، کەچی لەوانە هەمووی تێپەرێندراوە.
ئەرک و دەسەڵاتەکانی موجتەبا وەکو ڕابەری نوێی ئێران چین؟
لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا وەلی فەقێ یان ڕابەری باڵا، بەرزترین دەسەڵاتی وڵاتە.
بەپێی دەستوور، ئەرکەکانی موجتەبا خامنەیی بریتین لە:
- فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان
- دیاریکردنی سیاسەتی گشتیی وڵات لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
- سەرپەرشتی دەسەڵاتی دادوەری و ڕاگەیاندن
- ڤیتۆ لەسەر بڕیارەکان؛ ڕاگرتن و پەسندکردنیان
کارەساتەکەی خێزانی خامنەیی: وەرچەرخانێکی خوێناوی
ئەم دەستبەکاربوونەی موجتەبا خامنەیی تەواو جیاواز لە قۆناغ و وێستگەکانی ڕابردوو، بەجۆرێک موجتەبا لە کاتێکدا دەبێتە ڕابەری باڵای ئێران کە پێشتر هیچ کەسێک بەم قۆناغە تێپەرنەبوو، چونکە موجتەبا بەهۆی هێرشەکەی ئەمریکا چەندین کەسی خێزانەکەی لە دەستدا، لەوانە؛
- باوکی، عەلی خامنیەیی، ڕابەری پێشووی ئێران
- دایکی، مەنسوورە خۆجەستە باقرزادە
- هاوسەری، زەهرا حەداد عادل، کچی غولامعەلی حەداد عادل
- یەک لە منداڵەکانی
- خوشک و زاوایەکی
هەموو ئەمانە، تەنها گۆڕانکاری سیاسیی نین، بەڵکو ئاماژەی گەورەی ئێرانن بۆ دژایەتی کردنی بەردەوامی ئەمریکا و ئیسرائیل و سەندنەوەی تۆڵەی کوشتنی خامنەیی و خێزانەکەی.
دژایەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا: بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ
رووداوی کوشتنی خامنەیی و ئەندامانی دیکەی خێزانەی، موجتەبای لە سیاسەتکارێکی ساردەوە گۆڕی بۆ "ڕابەرێکی بریندار" و ئەگەر لە سەردەمی باوکیدا جۆرێک لە "نەرمی نواندنی قارەمانانە" یان دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا هەبوو بێت، لە سەردەمی موجتەبادا پێشبینی دەکرێت ئەمانە ڕووبدەن:
یەکەم؛ سیاسەتی توندڕەوانە لە دژی ئەمریکا و ئەوروپا
دووەم؛ بەهێزکردنی گرووپە وەلائییەکان لە وڵاتەکانی لوبنان، عێراق، یەمەن
سێیەم؛ توندکردنی ناوخۆ و کپکردنی دەنگی ناڕەزایی
ئێران بەرەو کوێ؟
موجتەبا خامنەیی لە کاتێکدا دەسەڵاتی گرتە دەست کە وڵاتەکە لە لێواری تەقینەوە دایە، ئەو ئێستا نەک تەنها وەک ڕابەر، بەڵکو وەک "کوڕی شەهیدانی ڕێگەی دەسەڵات" مامەڵە دەکات و ئێستا تەواوی جیهان سەیری تاران دەکات، بۆ ئەوەی ببینێت کە ئایا موجتەبا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە و رووخانی ئێران یان رزگارکردنی ئێران لەم بارودۆخەی تێی دایە.