فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر هاووڵاتییانی هەرێم
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی سەر ناوچەکە بە "ناڕەوا و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییەکان" وەسف دەکات.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەسەر بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، بەرپرسیارەتی پاراستنی ناوچەکە لە ئەستۆ بگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکیانەی کرد، کە دەکرێنە سەر سەر هاوەڵاتییان، دامەزراوە مەدەنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەم هێرشانە بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" لە قەڵەم دەدات، کە لەکاتێدا هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگە و "هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوە ژیان بووە لە ناوچەکە."
فەرمانگەکە ڕووی دەمی دەکاتە حکومەتی عێراق و و داوا دەکات بەرپرسیارەتی پاراستنی سەروەری وڵاتەکە لە ئەستۆ بگرێت، رێگری لەو دەستە و گرووپە توندڕەوە لە یاسا دەرچووانەی ناوخۆی وڵاتەکە بکات، کە بەبێ بیانوو بە بەردەوام هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، کونسوڵگەری گشتی ئیمارات کرایە ئامانج، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە، هاوکات لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە تا ئێستا زیاتر لە 200 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.