ڕاوێژکارانی ترەمپ: تا زووە لەم جەنگە وەرە دەرەوە
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بە کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئێران دەکات، بەڵام ڕاوێشکارەکانی ترسیان لە درێژبوونەوەی هەیە.
لە ترسی چەند دەرئەنجامێکی نەرێنی لەسەر ئەمریکا، ڕاوێژکارانی ترەمپ هۆشداری لە درێژبوونەوەی جەنگ دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال بڵاویکردەوە، ڕاوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی فشارییان خستووەتە سەری و داوایان لێکردووە تا زووە "ڕێگەیەکی دەرچوون" لەم جەنگەدا بدۆزێتەوە.
ڕاوێژکارانی ترەمپ ترسیان هەیە درێژبوونەوەی جەنگەکە کاریگەری لە سەر گرانبوونی نرخی سووتەمەنی هەبێت و دەرئەنجامی نەرێنی سیاسی لێ بکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ جەختیان لە بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کردووەتەوە، ئەگەر بێت و ئێران دەست لە بۆردوومانکردنی وڵاتانی کەنداو هەڵنەگرێت. ترەمپیش دەڵێت، ئەمریکا ئامادەیە بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ئەگەر وڵاتەکە "بەردەوام بێت لە گرتنی ڕێگەی هاتووچۆی نەوت" لە گەرووی هورمز.
دوێنێ دووشەممە 9-3-2026، ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا لەکاتی قسەکردن بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سەر ئێرانی بە "زۆربەی ئامانجەکانی بەدەستهێناوە" وەسف کرد، جەختیشی کردەوە کە بەمزووانە جەنگەکە کۆتایی دێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسان دەربارەی یارمەتیدانی خەڵكی ئێران کە لە دژی ڕژێمەکە هەستاونەتەوە و خۆپیشاندانیان کردووە، گووتی: "ئێمە سیستەمێکمان دەوێت کە ئاشتی بۆ چەندین ساڵ بەرقەرار بکات، ئەگەر نەتوانین ئەم ئامانجە بەدەستبهێنین، وا باشترە هەر ئێستا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنین." جگە لەمانەش ترەمپ بێهیوایی خۆی لە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی بە ڕێبەری باڵای ئێران دەربڕیوە، کە ئاماژەیە بۆ خۆبەدەستەوەنەدانی ئێران لەم جەنگە.