دانیشتوانی شوقەکانی کورد ستی: ڕۆژانە 20 کاتژمێر لە تاریکیدا دەژین
دانیشتوانی شوقەکانی کورد ستی 1 و 2 لە شاری سلێمانی بەهۆی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەباوە دەناڵێنن
دانیشتوانی شوقەکانی کورد ستی 1 و 2 لە شاری سلێمانی بەهۆی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەباوە دەناڵێنن و دەیانەوێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەرهێڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتوانی شوقەکانی کورد ستی 1 و 2 لە شاری سلێمانی لە بەیاننامەیەک دا بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕایانگەیاند، شوقەکانی کورد ستی 1 و 2 دەکەوێتە بەرامبەر فامیلی مۆڵ کە یەکێکە لەناوچە زیندووەکانی شاری سلێمانی، دەنگی مەینەتی و بێزاریی خۆیان بەرامبەر کەمی خزمەتگوزاریی کارەباوە ڕادەگەیەنن.
دانیشتوانی شوقەکانی کورد ستی 1 و 2 باس لەوە دەکەن، لە شەو و ڕۆژێک دا، تەنها سێ بۆ چوار کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە شوقەکانییان دەدرێت، کارەبای مۆلیدەی پڕۆژەکەیان هەڵگیراوەتەوە و بۆیان پێناکرێت، هەروەها لە ئێستادا نزیکەی 20 کاتژمێر بە تەواوی لە بێ کارەباییدان.
شوقەکان بەهۆی بێ کارەبایی ئاوییان بۆ ناگاتە نهۆمەکان، ئەسەنسۆرەکان کار ناکان، هەر بۆیە دانیشتوانی شوقەکانی کورد ستی 1 و 2 داوا لە کارەبای سلێمانی دەکەن بە زووترین کات کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانییان زیاد بکەن، پارێزگاری سلێمانیش وەک لایەنی بەرپرس بێتە سەر هێڵ.
لە کۆتایی بەیاننامەکەی دانیشتوانی شوقەکانی کورد ستی 1 و 2 لەسەر بێدەنگبوونیان دەڵێن: "چیتر مانای نییە، چونکە ژیانمان لەناو ئەم شوقانەدا پەکیکەوتووە و چاوەڕێی وەڵامی جدی و خێراین".