پایتەخت

داعش خۆی ڕێکدەخاتەوە

داعش خۆی ڕێکدەخاتەوە
کورتە

هۆشدارییەکی جددی لەسەر دۆخی ئەمنی سووریا دەدرێت

 نووسینگەی پشکنەری گشتی ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، هۆشدارییەکی جددی لەسەر دۆخی ئەمنی سووریا دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە زیندان و کەمپەکان هەڵاتوون.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕووداوە مەترسی سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی ڕێکخراوەکە کتوپڕ دەکاتەوە، بەتایبەت کە داعش توانیویەتی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بقۆزێتەوە کە بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاتنە ناوەوەی هێزەکانی حکومەت و میلیشیاکان دروستبووە. ئەم گۆڕانکارییانە توانای شانەکانی ڕێکخراوەکەی بۆ خۆڕێکخستنەوە لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە.

 

بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە لەلایەن ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەمە گەورەترین هەڵهاتن و دیارنەمانی بەکۆمەڵی خێزان و چەکدارانی داعشە لە سەرەتای ساڵی 2026 کە تێیدا سیستمی دەستبەسەرکردنی ئەو ڕێکخراوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تووشی داڕمان بووە. 

 

داتاکان نیشانی دەدەن کە لە نێوان 15000 بۆ 20000 کەس کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، هەڵاتوون و بێسەروشوێن بوون، ئەمەش وایکردووە ژمارەی دانیشتوانی کەمپی هۆل لە 23400 کەسەوە بۆ کەمتر لە 1500 کەس کەمببێتەوە، بەجۆرێک بەشەکانی ئافرەتان و منداڵانی بیانی بە تەواوی چۆڵکراون و بە قاچاخ براونەتە دەرەوە. 

 

لەگەڵ ئەمەشدا نزیکەی 1500 زیندانی لە زیندانی شەدادی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە هەڵاتوون، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە دەرفەتێکی زێڕین دەداتە داعش بۆ بونیاتنانی شانە نووستووەکانی لە بیابانەکانی سووریا و سەر سنووری عێراق.

30 ئایار 2026 23:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026