د. ئەحمەد کەرکووکی: بە شاردنەوەی ئاڵای عێراق وەرزشوانەکە سووکایەتی بەخۆی کرد
د. ئەحمەد کەرکووکی لەسەر شاردنەوەی ئاڵای عێراق لەلایەن وەرزشوانێکی کورد هاتە دەنگ و داوا دەکات ڕێز لە ئاڵای عێراق بگیرێت.
د. ئەحمەد کەرکووکی ڕەخنەی توند لە ڕەفتاری ئەو وەرزشوانە کوردە دەگرێت، کە لە کاتی بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتییدا ئاڵای عێراقی شاردەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەم کارە پێش ئەوەی سووکایەتی بێت بە دەوڵەت، "سووکایەتییە بە خودی یاریزانەکە!"
د. ئەحمەد کەرکووکی ڕایگەیاندووە، گەلی کورد مافی ڕەوای خۆیەتی شانازی بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە بکات، بەڵام کاتێک کەسایەتییەکی گشتی بڕیار دەدات لەژێر ناوی عێراقدا بەشداری بکات، پێویستە ڕێز لەو بەرپرسیارێتییە بگرێت، دەشڵێت: "دروست نییە کەسێک نوێنەرایەتی وڵاتێک بکات و دواتر خۆی لە ئاڵاکەی داببڕێت، چونکە شانازیکردن بە کوردبوون و ڕێزگرتن لە ئاڵای عێراق دوو شتی دژبەیەک نین، ئەم کارە پێش ئەوەی سووکایەتی بێت بە دەوڵەت، "سووکایەتییە بە خودی یاریزانەکە!"
لە کۆتاییدا ئەو بەرپرسەی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، لە مێژوودا چەندین یاریزانی کورد درێسی هەڵبژاردەی عێراقیان پۆشیوە و سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کردووە، بۆیە باشتر وابوو بۆ ئەو کەسەی نایەوێت نوێنەرایەتی عێراق بکات، لە سەرەتاوە بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی ڕابگەیاندایە، نەک نوێنەرایەتی بکات و دواتر نکوڵی لە هێماکانی بکات.
ئەم کاردانەوەیەی د. ئەحمەد کەرکووکی دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا وەرزشوانێک بە ناوی (هەردە کەریم)، یاریزانی کوردی یاری MMA لە کاتی بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیدا، بەهۆی شاردنەوەی ئاڵای عێراق لە هەموو پاڵەوانێتییە عەرەبییەکان سڕکرا. دوای ئەم ڕووداوە، ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: "رێگایان نەدا ئاڵای کوردستان لەگەڵ خۆم ببەمە ژوورەوە بۆیە منیش ئاڵایەکەی عێراقم شاردەوە."