نزیکەی 2 ملیۆن حاجی سەردانی مەککەیان کردووە
دەستەی ئاماری سعودییە ئاماری کۆتایی ژمارەی حاجیانی بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ شەممە، بە شێوەیەکی فەرمی سەرکەوتنی وەرزی حەجی ساڵی 1447ی کۆچی ڕاگەیەندرا و دەستەی ئاماری سعودییەش ئاماری کۆتایی ژمارەی حاجیانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە زیاتر لە یەک ملیۆن و حەوتسەد هەزار کەس فەریزەکەیان جێبەجێ کردووە.
سعود بن مەشعەل بن عەبدولعەزیز، جێگری میری ناوچەی مەککە و جێگری سەرۆکی لیژنەی هەمیشەیی حەج و عومرە ڕایگەیاند، وەرزی حەجی ئەمساڵ وێنەی نیشتیمانێکی نیشاندا کە بە دڵسۆزی و خۆبەخشییەوە کار بۆ خزمەتکردنی میوانانی خودا دەکات.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە شوێنە پیرۆزەکان بە شێوەیەکی ئێجگار ڕێکخراو و گونجاو دەرکەوتوون، ئەمەش دەرەنجامی یەکگرتنی هەوڵەکانی نێوان تەواوی ئەو لایەنە جیاوازانە بووە کە پێکەوە بەشدار بوون لە بەڕێکردنی پرۆسەکەدا.
بەپێی نوێترین ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعودییە، ژمارەی گشتی حاجییانی ئەم وەرزە گەیشتووەتە 1,707,301 حاجی، لەو ژمارەیەش زۆرینەی ڕەهایان کە دەکاتە 1,546,655 حاجی، لە دەرەوەی وڵاتی سعودییەوە و لە ڕێگەی دەروازە ئاسمانی، دەریایی و وشکانییە جیاوازەکانەوە گەیشتبوونه جێگا پیرۆزەکان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.