بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین بۆ پایتەخت: کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانمان نەبووەتە کێشە بۆ مەرزی کێلێ
پایتەخت میدیا بەدواداچوونی بۆ کێشەی شۆفێرانی مەرزی کێلێ کرد
شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە شۆفێرانی مەرزی کێلێ گردبوونەوە و داوای زیادکردنی دەوامی فەرمانبەرانی گومرگییان دەکرد، پایتەخت میدیا بەدواداچوونی بۆ کێشەی شۆفێران دەکات.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوێنێ شەممە لە کاتژمێر 7:30 خولەکی بەیانییەوە لە دیوی ئێرانەوە ڕێگە نەدراوە بارهەڵگرانی مەرزی کێلێ بچنە نێو بازاڕ چەک بەهۆی تێکچوونی سیستەم، ئەوکاتەی کێشەکە چارەسەرکراوە نزیکەی 60 بار بارکراوە و 65 بارهەڵگری دیکە لە دیوەی ئێرانەوە تووشی گرفت بوون.
عەباس عەزیز باسی لەوە کرد، بەبۆنەی ڕەمەزانەوە بڕیاردراوە تا کاتی بەربانگ فەرمانبەرانی گومرگ کاربکەن، دوای ڕەمەزان کاتەکەی ئاسایی دەبێتەوە.
شەوی ڕابردوو ژمارەیەک لە شۆفێرانی مەرزی کێلێ بەهۆی ڕایی نەکردنی کارەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی قەلادزێ گردبوونەوە و ڕەخنەیان لە کاتی دەوامی فەرمانبەرانی گومرگ کرد.
پایتەخت میدیا لە گردبوونەوەی شۆفێرانی مەرزی کێلێ ئامادە بوو و شۆفێرێک بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڕیارەکە بووەتە گرفت بۆیان و نیگەرانن بە گومرگ نەکردنی بارەکانیان.
بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین، کێشەی دوێنیی شۆفێرانی مەرزی کێلێ بەهۆی کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی گومرگ نەبووە، بەڵکو کێشەی سیستەم لە دیوی ئێران بووە.