ئەوقافی سلێمانی: پێویستە دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان بەرز نەکرێنەوە
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی داوا لە مزگەوتەکان دەکات دەنگی بڵنگۆکانیان بەرزنەکەنەوە و بۆ دەرەوەش پەخشی نەکەن.
لە پێناو بێزارنەکردنی هاووڵاتییان و بەتایبەتی ئەو ماڵانەی دەکەونە نزیک مزگەوتەکان، بڕیاردرا بە بەرزنەکردنەوەی دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان.
کەمێک لەمەوبەر عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پێویستە دەنگۆی بڵندگۆکان لە ڕۆژانی ئاسایی بەرزنەکرێتەوە تەنیا لە (وتاری هەینی و بانگەکان) دەنگی بڵندگۆکان بکرێتە دەرەوە.
عەباس خدر سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکە ئاماژەی بەوە کرد، نابێت هاووڵاتییان بێزاربکرێن چونکە کاتی تاقیکردنەوەکانی قوتابییانە و هەندێک ماڵ نەخۆشی تێداییە، یاخود ئەو ماڵانەی دراوسێی مزگەوتەکانن.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، لەسەر داوای خەڵک وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان نوێترین ڕێنمایی بۆ بەرزنەکردنەوە دەنگۆی بڵندگۆی مزگەوتەکان دەرکردووە.
عەباس خدر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەم ڕێنماییە بۆ سەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستانە و پێویستە پابەند بن.