حکومەتی ئوسترالیا بۆ سووریا: زیندانییانی داعش وەرناگرینەوە
بەهۆی ڕەتکردنەوەی حکومەتی ئوسترالیا لە وەرگرتنەوەی زیندانیانی داعش، 34 زیندانی داعش دووبارە ڕەوانەی ناو کەمپی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان کرانەوە.
لە چوارچێوەی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ وڵاتانی ڕەسنی خۆیان، حکومەتی ئوسترالیا ڕەتی دەکاتەوە وەریان بگرێتەوە و دەڵێت: "هیچ بەزییەکمان پێیاندا نایەتەوە."
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند، هیچ یارمەتییەک بۆ گەڕانەوەی ئەو 34 کەسەی لە خێزانی چەکدارانی داعش بوون و هەڵگری رەگەزنامەی ئوسترالین بۆ وڵاتەکەیان پێشکەش ناکەن، بەڵکو هەر ڕێگەیان پێنادەن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
ئەنتۆنی ئەلبانیز جەختی کردەوە، ئەوان هیچ بەزەییەکیان بەو کەسانەدا نایەتەوە کە لە ئوسترالیاوە چوونەتە سووریا تا بچنە نێو داعش و بەشداری لە کردەوەی تیرۆرستی بکەن، بەمەش شێوازی ژیانی ئەوان (ئوسترالیا) تێکبەدەن. ناوبراو ئاماژەی بە شکستهێنانی ڕێکخراوی خێرخوازی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی منداڵان لە دادگەکانی ئوسترالیا کرد، کە نەیانتوانیوە بیسەلمێنێت حکومەتی ئوسترالیا بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپەکانی سووریا لە ئەستۆدایە.
لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، لە 2019ـەوە تا ئێستا ئوسترالیا تەنیا دوو گرووپی زیندانیانی داعشی لە سووریاوە لە ڕێگەگی یارمەتی و هەماهەنگی حکومەتەوە وەرگرتووەتەوە، ژمارەیەکی دیکەش بێ یارمەتی حکومەت گەڕانەتەوە وڵاتەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 16-2-2026 وا بڕیاربوو 11 خێزانی ئوسترالی کە پێکهاتبوون لە 34 کەس زۆربەیان ژن و منداڵ، کەمپی ڕۆژ بەجێبهێڵن و بگەڕێندرێنەوە بۆ ئوسترالیا؛ بەڵام بەهۆی ئاستەنگی دیپلۆماسی و نەبوونی هەماهەنگی پێویست لەگەڵ دیمەشق، پڕۆسەکە راگیرا و خێزانەکان گەڕێندرانەوە بۆ نێو کەمپەکە.