ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرا کرا
ڕاگەیاندنی هەسەدە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەخاتەڕوو
چاوپێکەوتنی مەزڵووم عەبدی و سەرۆکی فەرەنسا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا کرا.
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە وڵاتی ئەڵمانیا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) بڵاویکردەوە، وەفدەکە سوپاسی ماکرۆنیان بۆ پشتیوانی بەردەوامی فەرەنسا کرد، بەتایبەتی هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست و پەرەپێدانی سەقامگیری لە ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم و تەواوکردنی بڕگەکانی بۆ ڕێڕەوی یەکخستن و سەقامگیری لە سووریا کرایەوە.
سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیکردەوە، فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە کار و هەوڵەکانی، هاوکات ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.