پارێزگاری هەولێر لەسەر خۆپیشاندانەکەی هەفتەی ڕابردوو قسە دەکات
ڕێگە بە خۆپیشاندانی دووبارە لە نێو شاری هەولێر نادرێت
هەفتەی ڕابردوو خۆپیشاندان دژی 'بێڕێزیكردن بە پیرۆزییەكانی ئاینی ئیسلام' ئەنجام درا، پارێزگاری هەولێر ئاماژە بە نەبوونی مۆڵەتی خۆپیشاندانەکە دەکات.
کەمێک لەمەوبەر ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی مێرمنداڵێک لەکاتی خۆپیشاندانەکانی پشتگیری لە ڕۆژئاڤای کوردستان هۆنراوەیەکی خوێندەوە، کە هۆنراوەکەش هی خۆی نەبوو و دوای ئەوەش بە خۆی و خانەوادەکەی، کە خێزانێکی موسڵمانن چەندین جار داوای لێبووردنیان کرد، بەڵام کەسانێک ئەو کارەیان قۆستەوە و بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە نێو سەنتەری شار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
هەفتەی ڕابردوو لەبەردەم قەڵای هەولێر ژمارەیەک کەس هەستان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی' بێڕێزیكردن بە پیرۆزییەكانی ئاینی ئیسلام'.
ئومێد خۆشناو دووپاتی دەکاتەوە، خۆپیشاندان بە بێ مۆڵەت بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ڕێگە پێدراو نییە بە هیچ کەس و لایەنێک و بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێکاری پێویستیان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.
سەبارەت بە بانگەوازی دووبارە ئەنجامدانەوەی خۆپیشاندان پارێزگاری هەولێر دەڵێت: " هیچ هۆکارێک نییە ئەو کەسانە خۆپیشاندانی بۆ ئەنجامبدەن، ئێمە هێزە ئەمنیەکان ئاسایش و پۆلیسمان دەستکراوە کردووە ڕێکاری تووند بەرامبەر هەر کەسێک بکەن کە ئەو کارە ئەنجامبدات".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجام دانی ئەم خۆپیشاندانە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی کوردستان ئاماژەیان بە پێویست نەبوونی خۆپیشاندانەکە دەکرد.