نەخۆشییەکی دەگمەن وا لە مرۆڤ دەکات هەرگیز برسییەتی نەشکێت

نەخۆشییەکی دەگمەن لە منداڵاندا، سەرەتا تووشی ناڕێکی خواردنیان دەکات و دواتر ئارەزوویان بۆ خواردن بێ سنوور دەبێت
نەخۆشییەکی دەگمەن وا لە مرۆڤ دەکات هەرگیز برسییەتی نەشکێت
نەخۆشیەکی زۆر دەگمەن بە ناوی "پرادەر ویلی سیندرۆم"، نەخۆشییەکی بۆماوەیییە و دەبێتە هۆی کەمتەرخەمی خۆراک لە منداڵاندا، بەڵام لە ئەنجامدا ئارەزوویەکی بێ سنوور خواردنی لێدەکەوێتەوە.
پێگەی هێلس بڵاویکردووەتەوە، سەرەتا تووشبووانی ئەم نەخۆشییە لە تەمەنی منداڵیدا تووشی کێشەی بەد خۆراکی دەبن، بەتایبەتی خواردنی شیری دایکیان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازی کێشیان، بەڵام کە تەمەنیان دەگاتە نێوان 2 بۆ 8، بە پێچەوانەوە دەست دەکەن بە خواردنی ڕێژەیەکی یەکجار زۆری خواردن چونکە هەرچەند نان بخۆن، برسییەتییان ناشکێت.
بەگوێرەی داتاکان، ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە کاریگەری لەسەر نزیکەی 1 لە 30,000 بۆ 1 لە 10,000 کەس لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
ئەم نەخۆشییە کاریگەری لەسەر نێر و مێ بە یەکسانی هەیە و تەنانەت لەسەر کەسانی جیاوازی ڕەگەزی و نەژادیش بە یەکسانی هەیە، هاوکات مەزەندە دەکرێت لە نێوان 10,000 بۆ 20,000 کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تووشی نەخۆشی پرادەر ویلی سیندرۆم بوو بن.