ئادەم چیا، ئەو منداڵەی ئاڵای کوردستانی بەسەر شانیدا دا و بوو بە سیمبولی بەرگری کردنی ڕۆژئاڤای کوردستان، پایتەخت میدیا چەندین هەوڵی بێ وێنەی بۆ ئەنجام دا، چونکە ئادەم خاوەن پێداویستیی تایبەتە و جیا لەمەش، پایتەخت میدیا پێی وایە، سیمبول و نیشانەکانی نیشتمان پێویستە بەرز ڕابگیرێن و بۆ هەمیشە بمێننەوە. 

 

هەر لەڕێگەی پایتەخت میدیاوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، دوای چاوپێکەوتنەکەی پایتەخت میدیا لەگەڵ ئادەم، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجامدا و بڕیاریدا وێنەی ئەو سیمبوولە نیشتمانییە بخرێتە سەر بەرگی پەرتووکی کوردی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی. 

 

هاوکات د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی ئادەم چیایان کرد، هەردوو وەزیرەکە قەڵغانی سوپاس و دیاری تایبەتییان پێشکەش کرد. 

 

ئادەم چیا، هەر لەسەر ئەرکی وەزیری پەروەردە لە قوتابخانەی کامبریچ دەست بە خوێندن دەکات و خوشکەکەشی لە لایەن وەزیری پەروەردە لە باخچەی ساوایانی کینگ دانرا. 

 

د. سامان بەرزنجی ⁠وەزیری تەندروستی بەڵێنی دروستکردنی قاچێکی دەستکردنی پێدا و عەرەبانەیەکی کارەبایی بۆ دابین کرد، هەروەها کوێستان محەممەد، وەزیری کاروباری کومەڵایەتی تەواوی کەلوپەلەکانی قوتابخانەی بۆ دابین کرد و وەزیری خوێندنی باڵاش وەکو هاوکاری شوێنی خوێندنی دایکی لە کەرکووک بۆ هەولێر دەگوازێتەوە.

 

هەموو ئەمانەی باسمان کرد، لە ماوەی چەند رۆژێک و بە هەوڵی پایتەخت میدیا کرا، چونکە پایتەخت وەکو یەکەم میدیا و تاوەکو کۆتایی، بە تەنها کاری لەسەر هەڵوێستی ئادەم و نیشتیمان پەروەردییەکەی کرد و هەر پەیامی پایتەخت بوو، کە وایکرد خەڵک کوردستان پشتیوانی ئادەم
بکەن و بەرپرسان بێنە سەر هێڵ و هاوکاری بکەن و رێزلێنانی پێ ببەخشن.