نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی سێ هەفتەی ڕابردووی خۆی

بەهۆی سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە نرخی زێڕ نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکردنی بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا
نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی سێ هەفتەی ڕابردووی خۆی
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان، نرخی زێڕ دووبارە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 15 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 3,371 دۆلار.
کێلڤن وۆنگ، شرۆڤەکاری باڵای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای ئواندا (OANDA) لەمبارەیەوە دەڵێت، ئەگەر نرخی زێڕ بتوانێت لەسەر ئاستی رۆژانە لەسەرووی 3,360 دۆلارەوە دابخرێت، ئەوا ئەگەری هەیە بەرەو ئاستی بەرگریی داهاتوو بەرزببێتەوە کە 3,435 دۆلارە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوو ڕۆژ لەمەوبەر بڕیاریدا بەڕیژەی 30٪ پێناسی گومرکی بەسەر مەکسیک و یەکێتیی ئەورووپا بسەپێنێت، لە کاتێکدا یەکێتیی ئەورووپا و مەکسیک بڕیارەکەیان بە "نادادپەروەرانە و تێکدەر" وێنە کرد، بەڵام هەر ئەم بڕیارە خواستی لەسەر پەناگەی ئارام دروست کردووەتەوە، بەهۆی ئەو نادڵنیاییەی کە لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی پێناسە گومرگییە جیهانییەکەی ئەمریکا هەیە.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش، نرخی فرۆشتنی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=696,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=665,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=570,000 دینار