پایتەخت

لەسەر سووکایەتیکردن بە ئیسلام ئوسترالیا ڤیزای جوولەکەیەکی هەڵوەشاندەوە

لەسەر سووکایەتیکردن بە ئیسلام ئوسترالیا ڤیزای جوولەکەیەکی هەڵوەشاندەوە
کورتە

وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا پۆستی گەنجێکی جوولەکەی بە "ترسان و دژ لە ئیسلام" لە قەڵەم داو و ڕێگەی نەدا سەردانی وڵاتەکە بکات.

ئوسترالیا بەردەوامە لە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای کەسانی ناودار بە بیانووی جیاواز. ئەمجارەش هەڵوێستی لە دژی جووێکی بەریتانی وەرگرت.

سکای نیوز ئوسترالیا بڵاویکردەوە، تەنیا چەند کاتژمێرێک بەر لە گەشتکردنی بۆ ئوسترالیا، ڤیزای سامی یەهوود، جوولەکەیەکی بە ڕەگەز بەریتانی دیاری نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن حکومەتی ئوسترالیا هەڵوەشێندرایەوە، کە بە ئامانجی پێشکەشکردنی وتارێک بە کۆمەڵگەی جوولەکەکان دەیویست سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا هۆکاری هەڵوەشاندەوەی ڤیزای سامی یەهوودی بۆ سووکایەتی کردن بە ئایینی ئیسلام گەڕاندووەتەوە، دوای ئەوەی ناوبراو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە پۆستێکدا نووسی: "ئایینی ئیسلام ئایدیۆلۆژیایەکی بکوژە، لەگەڵ بەهاکانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا ناگونجێت و کاتی ئەوە هاتووە قەدەغە بکرێت."

حکومەتی ئوسترالیا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای سامی یەهوود ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووندی کۆمەڵەی جوولەکەکانی ئوسترالیا (AJA) بوویەوە. ڕۆبێرت گریگۆری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵگەکە ڕایگەیاند، حکومەتی ئوسترالیا بەردەوامە لە ئامانجگرتنی گەشتیارە جوولەکەکان، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ئایدیۆلۆژیای "دژە جوولەکەکان" لە ئوسترالیا.

پێشووتر لە مانگی 8ـی 2025، پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و ئوسترالیا بەرەو لێکترازان ڕۆیی دوای ئەوەی ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا دانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا و  وەزیری ناوخۆش ئیسرائیلی بە "برسیکردنی منداڵ و تەقاندنەوەی خەڵک" لە غەززە تۆمەتبار کرد. تەنانەت ڤیزای سیمحا ڕۆتمان، ئەندامی پەرلەمانی ڕاستڕەوی توندڕەو لە پارتی "سەهیۆنی ئایینی" بەشدار لە هاوپەیمانی حکومەتی نەتانیاهۆی هەڵوەشاندەوە.

بە پێچەوانەش، لە 2-7-2025 وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا ڤیزای کانیێ وێست، گۆرانیبێژ و راپەری ئەمریکی، بۆ وڵاتەکەیان هەڵوەشاندەوە، دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکەی "سڵاوی هێتلەری -  Heil Hitler"، بە گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە؛ "پشتگیری لە نازییەت دژ بە جووەکان دەکات."

28 کانونی دووەم 2026 10:49
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026