پایتەخت

نوێترین زانیاری لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاودەکرێتەوە

نوێترین زانیاری لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاودەکرێتەوە
کورتە

کۆمپانیای سۆمۆ بڕی ڕاستەقینەی هەناردەی نەوت بۆ یەکەمجار ئاشکرا دەکات

دوای دەستپێکردەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای سۆمۆ بڕی ڕاستەقینەی هەناردەی نەوت بۆ یەکەمجار ئاشکرا دەکات.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دا ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە.

 

دوێنێ چوارشەممە 15ـی 1ـی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم جەختی لەوەکردەوە، هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، ڕێكکەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە، ڕۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە.

 

عەلی نزار ئاماژەی بەوە دا، ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەوە لە 27ـی 9ـی 2025 تا کۆتایی مانگی 12ـی 2025 وەرگیراوە، گەیشتووەتە نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل، کە دەکاتە تێکڕای مانگانەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل.

 

لە 22ـی 9ـی 2025، ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لەسەر هەناردەکردنەوەى لە نێوان (بەغدا، هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت) واژۆ کرا، ماوەی کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ساڵی 2025 بوو.

 

لەلایەکی دیکەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ڕوونیکردەوە، ئەگەر لە ماوەی 3 مانگ دا هیچ لایەنێک تێبینی لەسەر نەبوو، ئەوا ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جارێکی دیکە تازە دەبێتەوە.

15 کانونی دووەم 2026 18:50
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026