چی روودەدات ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی بتەقێندرێتەوە؟
چی روودەدات ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی بتەقێندرێتەوە؟
چی ڕوودەدات ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی بتەقێندرێتەوە؟
تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی وەک هیچ بۆمبێکی ئاسایی نییە. لەگەڵ تەقینەوەی گەرمای سووتێنەر، ڕووناکی ئاگرین و تیشکدانەوەی زۆر، هەموو شتێک وێران دەکات.
تەنها لە چەند میلی چرکەیەکدا، پلەی گەرمی نزیک لە تەقینەوەکە، یەک ملیۆن پلەی سەدی تێدەپەرێنێت، بەجۆرێک پلەی گەرما، گەرمتر لە ڕووی خۆر دەبێت
زیانەکانی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆم ئەوەندە زۆرن، لەگەڵ تەقینەوەی هەر بۆمبێکدا، جەستەی تەواوی ئەو مرۆڤانە دەسووتێنێت کە لێیەوە نزیکن، منداڵان بە ناکامی لە دایک دەبن و نەخۆشی مەترسیدار لە نمونەی شێرپەنجە بڵاو دەبنەوە، زیانەکان بە خەڵک ناوەستێت، تیشک دانەوەی خاک، ئاو و هەوا ژەهراوی دەکات، ئیکۆسیستەمی ژینگە خاپوور دەکات، ئاژەڵ و زیندەوەرەکان دەکوژێت، بۆ دەیان ساڵ کەس ناتوانێت لەو خاکە نیشتەجێ بێت. لە دوای تاقیکردنەوەی یەکەم بۆمبی ئەتۆم، وڵاتانی زلهێز شەڕی بەدەستهێنانی دەکەن.
ئێستا لە تەواوی جیهان، ١٢ هەزار و ٥٠٠ بۆمبی ئەتۆم هەیە، کە هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا، ڕووسیا، چین، کۆریای باکوور، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیسرائیل، هیندستان و پاکستان خاوەنداریەتی دەکەن.
هەردوو وڵاتی ئەمریکا و رووسیا، خاوەنداریەتی رێژەی %90 بۆمبە ئەتۆمییەکان دەکەن، بەجۆرێک هەندێک لەو بۆمبە ئەتۆمییە نوێیانە، سێ هەزار هێندەی ئەو بۆمبە ئەتۆمییە بەهێزن کە لە هێرۆشیما بەکارهێندرا.
بەپێی گوتەی زاناکان، تەقینەوەی تەنها ١٠٠ بۆمبی ئەتۆمی، دەتوانێت زەوی تێکبشکێنێت، زستانێکی ئەتۆمی پڕ لە نەخۆشی مەترسیدار و پەتا دروست بکات، پلەی گەرمی دوای تەقینەوەی بۆمبەکان، حەوت پلە دێتە خوارەوە، ماددەکان دەچنە ناخی زەوی، سیستەمی ژینگە و کشتووکاڵ دادەرووخێت، برسییەتی بڵاو دەبێتەوە و جیناتی مرۆڤ، گۆڕانکاری بەسەردا دێت و تا پلەی نەمان دەڕوات.
ئێستا هەموو جیهان لە دووبارە بوونەوەی نمونەی هێرۆشیما و ناگازاکی دەترسێت، کاتێک لە ئابی ساڵی ١٩٤٥ ئەمریکا بە دوو بۆمبی ئەتۆمی، دوو شاری ژاپۆنی هەژاند و لە چەند چرکەیەک شارەکان وێرانکران، ١٤٠ هەزار کەس لە هێرۆشیما و ٧٤ هەزار کەس لە ناگازاکی گیانیان لەدەستدا و ئێستاش، ئاسەواری ئەو جەنگە لەسەر ئەو دوو شارە ماوەتەوە.