پایتەخت

چارەنووسی کورد لە حەلەب چی لێ بەسەر دێت؟

چارەنووسی کورد لە حەلەب چی لێ بەسەر دێت؟
کورتە

نوسەرێکی کورد چارەنووسی گەلی کورد لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە حەلەب بەتایبەتی ئاشکرا دەکات.

وتار؛ سەرتیپ جەوهەر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد


دیمەنی ئەو تاوانە قبێزەونانەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو بینیمان، كە لەلایەن چەتە و چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەشام (داعش) دەرهەق بەهاووڵاتییانی كورد لە حەلەب بڵاوكرایەوە ماهیەتی رژێمەكە و هەقیقەت و سروشتی شەڕانگێزیی و دەمارگیریی شەقامی عەرەبی سوننەی سوریا بەرامبەر بە كورد بەروونی پێشاندا.

لەو تاوانانەی بەرامبەر كورد كران، تەنها چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لەشام بەشدار نەبوون، بەڵكو جگە لەرژێمی توركیا، دەیان دامودەزگای میدیایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی وەك سعودییە و قەتەر پشتیوانیی كۆمەڵكوژییەكانیان دەكرد و بەهەموو توانایەكەوە شەقامی سوریایان پەمپ دەدا و ژەهری رق و كینەی دەمارگیریی عەرەبیان دەبەخشیەوە. بەهەموو پێوەر و لۆژیكێك، تازە مانەوەی هاووڵاتییان كورد لەو شارە زۆر زەحمەت دەبێت بگرە كوردانی شام-یش رووبەرووی خراپترین دۆخی چەوساندنەوەی دەمارگیریی نەتەوەیی و دینی دەبنەوە.

لەماوەی 20 ساڵی رابردوو، بەهۆی دەمارگیریی قەومیی و تووندڕەویی ئاینی و مەزهەبییەوە، كۆمەڵگاكانی ناوچەكە رووبەرووی توندوتیژیی ماڵوێرانكەر و گۆڕانی گەورەی دیموگرافیی و  نەمانی رەنگە جیاوازەكان بوونەتەوە.

لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، بەغدا و بەشێك لە پارێزگاكانی عێراق كە لە زۆر ناوچە شیعە و سوننە بەیەكەوە دەژیان، بەڵام توندوتیژیی مەزهەبی و تایفی، بەتەواوی جیایكردنەوە. دەبینین ئێستا بەغدا كەمینەیەكی سوننەی لێیە و شارەكانی دیكەش بەهەمانشێوە رووبەرووی راگوێزانی بەكۆمەڵ بوونەوە. هەروەك مەسیحیەكانی ناوەڕاستی عیراق زۆربەی هەرەزۆریان یان هاتنە هەرێم یاخود روویان لە ئەوروپا و ئەمریكا كرد.
لەدوای هاتنی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش) لە شارە جیاوازەكانی داگیریان كردبوون، بەشێك لە پێكهاتە جیاوازەكان رووبەرووی كۆمەڵكوژیی یاخود ناچار بەكۆچی بەكۆمەڵكران.

لەسەرەتای دروستبوونی داعش لە سووریا بەتایبەت لەنێوان 2013 تا 2016 لەزۆربەی شارەكانی ناوەڕاستی سووریا وەك رەققە، گوندەواری حەسەكە، دێرزۆر..تد رووبەرووی لەناوبردن و و بەزۆر كۆچپێكردن بوونەوە و تائێستا نەگەڕاونەتەوە.

هەروەك لە عێراق لە ماوەی 2014 تا 2017 بەشێكی زۆری پارێزگای موسڵ رووبەرووی پاكتاوی رەگەزی زۆر مەترسیدار بوویەوە. دەبینین كوردانی ئێزدی لە باكووری پارێزگاكە لە شارەكانی شنگال و سنون و دەووروبەری رووبەرووی كۆمەڵكوژی گەورە و راگوێزان بوونەوە و تا ئێستاش بەشێكی زۆریان نەگەڕاونەتەوە.
هەروەك لەو ماوەیە  لەناوەندی پارێزگای نەینەوا لە شاری موسڵ پێكهاتەكانی وەك مەسیحیی، سابیئە، كوردی ئێزدی، شەبەك، كاكەیی ..تد شارەكەیان جێهێشت و تائێستا زۆربەیان نەگەڕاونەوە. تەنانەت شارە مەسیحیەنشینەكانی دەشتی نەینەوا وەك بەرتلە و حەمدانیە و كرملێس و ..تد زۆربەیان نەگەڕانەوە و ئێستا بەشێكی چۆڵەوانییە.

لە داگیركارییەكانی عەفرین و سەرێكانیی و گرێ‌ سپی لەماوەی 2018 - 2019 دانیشتووانی كوردی ئەو ناوچانە، رووبەرووی راگوێزانی بەكۆمەڵ بوونەوە و رژێمی توركیا دەیان هەزار عەرەب و توركمانی لە چوارچێوەی بەتورككردن و بەعەرەبكردن لەو ناوچانە جێگیركرد.


لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەدە و لەماوەی تەنها یەك ساڵی حوكمڕانیی دەوڵەتی ئیسلامیی لە شام، كۆتایی 2024 تا سەرەتای 2026 سێ‌ كۆمەڵكوژیی و تاوانی راگوێزان دەرهەق بەعەلەوییەكان و دروزو دواترینیش كورد كراوە.

لەدوایین رووبەرووبونەوەی تاوانی كۆمەڵكوژیی و راگوێزانی بەكۆمەڵ لەسەر دەستی چەتە و چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە شام، لەدزای 6ـی كانوونی دووەم تا ئێستا دەیان هەزار خێزانی كورد لە گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب بەناچاری شارەكەیان جێهێشتووە و نازانن روو لە كوێ بكەن. لەمەش خراپتر، بەهەموو شێوەیەك لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لەشام رووبەرووی چەوساندنەوەی دەمارگیریی قەومیی دەكرێنەوە.


هەموو ئەو تاوانی كۆمەڵكوژیی و راگوێزان و خراپەكارییەی هەیە، بەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و ئەو وڵاتانەوە روودەدەن كە خۆیان بەپێشەنگی دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ دەزانن، لەوە خراپتر، بەشێك لەوڵاتانی بەناو پێشەنگی موسڵمانان وەك سعودییە بەهەموو شێوەیەك هاوكاری ئەو دەوڵەت و گرووپە تیرۆرستیانە دەكەن كە تاوان بەرامبەر گەلانی ناوچەكە دەكەن.

12 کانونی دووەم 2026 09:23
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026