بە ئۆنلاین و بە ستیکەری وەزارەتی تەندروستی دەفرۆشرێت!

 

ئەمەش دیمەنی پاشماوەی سووتانی کۆگایەکی دەرمانە کە حەب و دەرمانی نایاسایی و ستیکەری وەزارەتی تەندروستی تێدا دۆزراوەتەوە.

 

بابەتی کۆنترۆڵکردنی دەرمانی قاچاغ، ماوەی چەندین ساڵە هەوڵی بۆ دەدرێت، کەچی هێشتا بازرگانانی دەرمانی قاچاغ و ئۆنلاین، بە رێگەی جیاواز ستیکەری وەزارەتی تەندروستی بەدەست دەهێنن و دواتر بە ئاشکرا دەرمانەکە دەفرۆشنەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکلامی بۆ دەکەن.

 

پێشتر چەندین جار د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاندووە کە بازارگانی کردن لەسەر مافی نەخۆش قبووڵ کراو نییە و گوتوویەتی، کرینی دەرمان بە ئۆنلاین لە دەستێکی ئەمین نییە و مەترسییە بۆ سەر تەندروستی خەڵک، کەچی لە سۆشیال میدیا ئەو دەرمانانە بە ستیکەری وەزارەتی تەندروستی دەفرۆشرێن.

 

ئێستا گەورەترین پرسیار بۆ نەخۆش هاووڵاتییان ئەوەیە، وەزارەتی تەندروستی و خودی وەزیر باسی کۆنتڕۆڵکردنی دەرمانی قاچاغ و ساختە دەکەن، کەچی بە بەرچاوی ئەوان لە سۆشیال میدیا رێکلام بۆ دەرمان و بابەتی جیاوازی دەکرێت و لەسەریشی، ستیکەری وەزارەتی تەندروستی هەیە، کەسیش نازانێت چۆن و بە چ رێگەیەک ئەم ستیکەرە گەیشتووەتە دەستی ئەم کەسانە.