ئاسایشی شارەزوور هەواڵی دەستگیرکردنی باندێکی ماددەی هۆشبەر ڕەت دەکاتەوە
پۆلیسی هەڵەبجە هەواڵێکی لەسەر دەستگیرکردنی 3 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بڵاوکردەوە
پۆلیسی هەڵەبجە هەواڵێکی لەسەر دەستگیرکردنی 3 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بڵاوکردەوە، ئاسایشی شارەزوور هەواڵەکە ڕەت دەکاتەوە و باس لەوە دەکات، هیچ کەسێک بەم تۆمەتە دەستگیر نەکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە بڵاویکردەوە، 3 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بەماددەی هۆشبەر لەلایەن بنکەی پۆلیسی خورماڵ، بە ناوەکانی (پ. ئ. م) تەمەن 28ساڵ و (م. ع. آ) تەمەن 26 ساڵ (ڕ. ن .ع) تەمەن 26 ساڵ دەستگیرکران، دادوە بڕیاریدا بە ڕەوانەکردنی تۆمەتباران بە بەندی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لەبارەی بڵاوکراوەکەی پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند، ئەو 3 تۆمەتبارەی کە وێنەکانیان بڵاوکراوەتەوە لەسەر دۆسیەی دزینی ماتۆڕ سکیل بووە، لە خورماڵ نەک ماددەی هۆشبەر، هیچ تۆمەتبارێکیش بە بەندکراوی نەنێردراوە بۆ ئەوان.
ئاسایشی شارەزوور جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕوونکردنەوەی پێشوەخت ڕەوتی لێکۆڵینەوە تێک دەدات و ئەگەری هەیە تۆمەتبار بێ تاوان بێت و تۆمەتەکەی لەسەر هەڵبگیرێت، نابێت هیچ کەس و تۆمەتبارێک پێش سەلماندنی تۆمەتەکەی ناوی بزڕێنرێت و لەکەدار بکرێت.