لە هەولێر سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو دادەنرێت
دوای چەندین رێکار بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو، ئەمجارە هەولێر کارێکی جیاواز دەکات
لە هەموو عێراق دا هەولێر دەبێتە یەکەمین شار، کە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی لافاو بۆ هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دابندرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر پڕۆژەیەکی بەشێوەیەكی زانستی ئامانج و چۆنیەتی دانان و كاركردنی سیستەمێک بۆ ئاگاداربوون لە ڕوودانی لافاو پێشکەش کرد، كە بە دروستكردنی هەولێر دەبێتە یەكەمین شار لەسەر ئاستی هەموو عێراق و كوردستان خاوەنی ئەو سیستەمەبێت.
بەگووتەی ئومێد خۆشناو، ئامانجی سیستەمەکە ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاووڵاتییانە لە ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بە هۆی گۆڕانی كەش و هەواو و هاتنی بارانێكی زۆر، هاوکات بەهۆی ئەو سیستەمەوە دەتوانرێت لەڕێگەی دروستكردنی ئەپڵیكیشنی تایبەتەوە ڕێنمایی پێویست بە هاووڵاتییان بدرێت، تیاییدا زانیاری تەواو و دروستی کەشناسی بۆ هەر ڕووداو و ئەگەرێک بخاتە ڕوو.
پارێزگاری هەولێر باس لەوە دەکات، پاڵپشتی تەواو لە پێناو دامەزراندن و دروستكردنی پڕۆژەكە و ئاسانكاریی دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك زیاتر دیراسەتكردنكردنی پڕۆژەكە پێکدەهێندرێت.