پایتەخت

بەدواداچوون بۆ مەلەفی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێت

بەدواداچوون بۆ مەلەفی کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێت
کورتە

لێژنەیەک بۆ سیڤی کاندیدان بۆ بەراورد کردن لەگەڵ مەرجەکانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار کە بەگوێرەی دەستوور داندراون، پێک دەهێندرێت.

بە نزیکەیی 81 کەس لە لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆ خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پاڵاوتووە، بڕیارە سبەی بەدواداچوون و وردبینی بۆ سیڤی کاندیدان دەستپێبکات.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە دوای داخستنی پڕۆسەی پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی چوارشەممە لێژنەیەک بۆ سیڤی کاندیدان بۆ بەراورد کردن لەگەڵ مەرجەکانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار کە بەگوێرەی دەستوور داندراون پێک دەهێندرێت.

بەگوێرەی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق  مەرجەکانی  بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەم شێوەیەیەی خوارەوەیە:

- بە ڕەچەڵەک عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایکبووبێت.

- تەواو شیاو بێت و تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.

- خاوەن ناوبانگێکی باش و ئەزموونی سیاسی بێت و ناسراو بێت بە دەستپاکیی، سەرڕاستی، دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان.

- بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە عێراق دانیپێدانرابێت.

- پێشینەی تاوانی نەبێت، بە تاوانێکی ئابڕووبەرانە حوکم نەدرابێت.

- ڕێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری یان هەر ڕێکارێک کە شوێنی بگرێتەوە، نەیگرتبێتەوە.

بەگووتەی شێروان دووبەردانی، ئەو کاندیدانەی مەرجەکان نایگرێتەوە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵی ئاگادار دەکرێتەوە هۆکاری ڕەتکردنەوەی دەستنیشان دەکرێت، هاوکات ئەو کاندیدانەی لە پڕۆسەکە دەردەکرێن مافیان هەیە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ پەڵپ بکەن.

بەنزیکەیی 81 کەس لە هەردوو ڕەگەزی ( مێ و نێر) و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق سیاسەتمەداران خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پاڵاوتووە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، لە دوای بەدواداچوون بۆ سیڤی کاندیدان هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی ڕۆژێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستنیشان دەکەن.

لە ساڵی 2005 دا جەلال تاڵەبانی وەکو یەکەمین کورد پۆستی سەرۆککۆماری عێراقی وەرگرت، پۆستەکە وەکو عورفێکی سیاسی بە کورد دەدرێت

06 کانونی دووەم 2026 17:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026