چارەنووسی پۆستی سەرۆککۆمار چی دەبێت؟
دەرفەتی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کۆتایی پێهات
دەرفەتی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کۆتایی پێهات، بەگوێرەی شارەزایانی سیاسی لایەنە عێراقییەکان پۆستی سەرۆکۆمار بۆ کورد یەکلا دەکەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت، لە ماوەی 3 ڕۆژ دا بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار زیاتر لە 70 کەس بە شێوەی فەرمی خۆیان پاڵاوتووە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای راگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە لیژنەیەک بەگوێرەی ئەو مەرجانەی لە دەستوور دا هاتووە بەدواداچوون بۆ سیڤیی کاندیدەکان دەکات، ئەو کاندیدانەی مەرجەکان ناگرێتەوە لەلایەن لیژنەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
بەگووتەی شێروان دووبەردانی، لە ماوەی 30 ڕۆژ دا سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ دوو جێگرەکەی، ڕۆژێکی تایبەت بۆ دەنگدان بە کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار دیاری دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، سەربەست موستەفا، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پایتەخت میدیای راگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەهۆی بارودۆخی سیاسی جیهان لە ماوەی 15 بۆ 20 ڕۆژی داهاتوو، پۆستی سەرۆککۆمار یەکلا بکرێتەوە.
سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، پێی وایە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە گەڕی دووەم دەبێت و بە دەنگی لایەنە عێراقییەکان پۆستەکە یەکلا دەکرێتەوە.
بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار لەکۆی 329 کورسی پەرلەمان، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کە دەکاتە (219) دەنگ بەسەرۆککۆمار بدرێت.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح، چالاکوانی مەدەنی و شارەزای سیاسی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هیچ نووسراوێکی یاسایی و دەستووری نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد بەڵام بووەتە عورفێکی سیاسی، دەکرێت لایەنە سیاسییەکان لە ماوەی 30 ڕۆژ دا ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو بکەن.
د.ئەیوب محەممەد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە بەشی زانستە ڕامیارییەکان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دواجار پڕۆسەی یەککلاکردنەوەی پۆستەکە دەدرێتە دەست لایەنە عەرەبەکان لە نێو پەرلەمان چونکە کورد تەنیا 60 کورسی پەرلەمانی هەیە، هیوادارن پێش دانیشتنی پەرلەمان پارتی و یەکێتیی لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون.
د.ئەیوب محەممەد باسی لەوەکرد، ڕێککەوتنی یەکێتیی و پارتی لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو کاریگەری لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان دادەنێت.
لە ساڵی 2005 وەکو عورفێکی سیاسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە کورد دەدرێت، جەلال تاڵەبانی، بە پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆککۆماری وەک یەکەمین کورد وەرگرت.