ترەمپ: هەڕەشە لە سەرۆکی نوێی ڤەنزوێلا دەکات
ترەمپ جەختی لە بەڕێوەبردنی ڤەنزوێلا و دەست گەیشتنیان بە تەواوی سەرچاوە نەوتییەکان کردەوە و هەڕەشەی هێرشکردنەوەش دەکات
لە کاتێكدا سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا داوای پەیوەندییەکی ڕێزدار و هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا دەکات بەڵام ترەمپ هەڕەشەی دووبارە هێرشکردن دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پێگەی ئەتلانتیکـی ئەمریکی لە بەرامبەر سەرۆکایەتی کاتی نوێی 90 ڕۆژەی دێلسی ڕۆدریگێز ڕایگەیاند، "ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین، ئەگەر پابەند نەبن، جارێکی دیکە لێیان دەدەینەوە، ڕۆدریگێز باجێکی زۆر دەدات ئەگەر بە خواستی واشنتن کار نەکات."
ترەمپ بە ڕاشکاوانە ئەوەی خستەڕوو کە وڵاتەکەی دەیەوێت دەستی بە تەواوی "سەرچاوە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا" بگات.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بەو هێرشەی کە تێیدا مادورۆ، سەرۆکی فەنزوێلایان دەستگیر کرد ئاماژەی بە تەندرووستی سەربازە ئەمریکییەکان دا و گووتی: "باری تەندروستیی کارمەندە بریندارەکانی ئەمریکا جێگیرە، سوپای ئەمریکا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی شەپۆلی دووەمی هێرشەکان ئەگەر پێویست بکات."
سەبارەت بە داهاتووی ڕێڕەوی سیاسی لە فەنزوێلا جەختی کردەوە، کە ئێستا ئەمریکا زیاتر سەرنجی لەسەر چاکسازییە لە ڤەنزوێلا نەک ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کە ئەوەیان بۆ کاتێکی دیکە دەمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دێلسی ڕۆدریگێز لە کۆشکی سەرۆکایەتی میرافلۆریس و لە تەنیشت وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆوە ڕایگەیاند، "ئەولەویەتی ئەوان دروستکردنی پەیوەندییەکی "هاوسەنگ و ڕێزدارە" لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، گەلەکەیان شایەنی "ئاشتییە نەک جەنگ"، داوا دەکەین دوور لە جەنگە دەرەکییەکان بژین.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە 3-1-2026 بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ترەمپ هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، پایتەختی ڤەنزوێلایان بۆردومان کرد و توانیان لە ماوەی کەمتر لە سێ کاتژمێر، نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەی دەستگیر بکەن و ڕاپێچی زیندانی بکەن لە نیویۆرک.