هێمن سەید موراد: ناتوانین بڵێین مەترسی وشکەساڵی بوونی نەماوە
لە ماوەی کەمتر لە مانگێک بەهۆی بەفر و بارانەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکانی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە
لە ماوەی کەمتر لە مانگێک بەهۆی بەفر و بارانەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکانی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، تەنانەت ژمارەیەک بەنداو سەرڕێژ بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری شەپۆلی بەفر و باران لە سەرەتایی کانوونی یەکەمەوە لە زۆربەی دەڤەرەکان دوو تا سێ بەرامبەر زیاتری ساڵی پار باریوە، ئەمەش بەڕێژەیەکی باش داهاتی ئاوی لە سەرچاوەکانەوە زیادکردووە.
بەنداوی سماقووڵی، بەنداوی دێگەڵە، بەنداوی دێوانە، بەنداوی شەوگێر، بەنداوی خنس و بەنداوی باوە شاسوار لە هەرێمی کوردستان سەرڕێژیان کردووە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکان دەبێتە بەرزبوونەوەی سامانی ماسی و ساڵانە پەنجە ماسی دەخرێتە ناویان، جەختی لەوەکردەوە، کانیاوەکان دەبوژێنەوە کاریگەری لەسەر کێڵگە کشتوکاڵییەکان دادەنێت.
هێمن سەید موراد گووتی: "ئەم بارانارینە دەبێتە سەرەتایەکی وزەبەخش بۆ ڕزگاربوون لە وشکەساڵی هەرێمی کوردستان بەڵام ناتوانین بڵێن وشکەساڵی بوونی نەماوە بەڵکو لە کۆتایی سەرەتای بەهار دەبێتە بنەما بۆ دیاریکردنی ئاستی دابارین ".