دەڵتا فۆرس ئەستەمەکان یەکلایی دەکاتەوە
هەر ئەوەندەی زەحمەتە تا دەڵتا فۆرس دێتە ناو یارییەکەوە چونکە ئۆتۆماتیک ئەمریکا دەیباتەوە؛ بزانە ئەو هێزە تۆقێنەر و کاریگەرەی ئەمریکا چییە و چییان کردووە
دەڵتا فۆرس، ئەو هێزە تۆقێنەرەی ئەمریکا کە ئەرکە مەحاڵەکان دەکاتە ئەنجامدراو
سەدام حوسێن، ئوسامە بن لادەن، ئەبووبەکر بەغدادی، ئێل چاپۆ، پابلۆ ئێسکۆبار و ئەمجارەش نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا، هەموویان بە دەستی دەڵتا فۆرس، هێزە تۆقێنەرەکەی ئەمریکا یان دەستگیر کران، یانیش لەناوچوون.
ساڵی 1977، ئەو کاتەی مەترسییەکان لە قەبارەی خۆیان گەورەتر دەبوون و لە کۆنترۆڵ دەردەچوون، ئەوکاتەی دیکتاتۆرەکان گەورە دەبوون و دەبوونە مەترسیی جیهانی، ڕێک ئەو کاتە ئەمریکا هێزی دەڵتا فۆرسی دامەزراند، هێزێک، بۆ یەکلایی کردنەوەی گەورەترین گرفتەکان بە قازانجی واشنتن.
دەڵتا فۆرس، شاراوەترین و مەترسیدارترین هێزی سەربازیی ئەمریکایە، ئەو کەسانەی لەو هێزەدا بەشدارن، ئیتر وەکو مرۆڤ نین و دەبنە تەکنەلۆژیای جەنگی، ڕەحم و بەزەیی لای ئەوان بوونی نییە و هەر شتێک بجووڵێت لەناوی دەبەن، ڕاستەوخۆ فەرمان لە سەرۆککۆمارەوە وەردەگرن و سەرجەم هێزەکانی ئاسمانی و دەریاییش پشتیوانییان دەکەن، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا زانیاریی وردیان پێ دەدەن و ئەوانیش بە بێدەنگی و ڕیک لەو کاتەدا کە کەس بیری لێ ناکاتەوە، ئامانجی خۆیان دەپێکن.
چەک و تەقەمەنییەکانی ئەوان تەنیا مەگەر سی ئای ئەی بزانێت چییە و جووڵە و تاکتیکەکانی هێرشەکانیشیان هەر خۆیان دەزانن چۆنە، ئەوان هێزێکی سێ بازنەیی هێرشبەرن، لە دوو لاوە هێڵی ئاسنینیان هەیە و کەس لێی دەرناچێت و لە لای سێهەمەوە هێرشی قورس دەکەنە سەر ئامانجەکەیان، کەسیش نایان ناسێت و بنکە و شوێنیان دیار نییە.
کۆتا کردەی ئەم هێزە، دەستگیر کردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوژینەکەی لە ناو کۆشکەکەیاندا بوو، کە هێزێکی زۆر پاسەوانیان لێ دەکردن، ئەوانە تا ژووری نووستنەەکەی مادۆرۆ نەوەستان و هەر بە جلی خەوەوە خۆی و هاوسەرەکەیان ڕفاند و یەک پاسەوانیش نەیتوانی پێش بەم کارەیان بگرێت، ئەو کاتەی دەڵتا فۆرس هاتە ناو یارییەکەوە، ئەوە بزانە دۆڕاویت و براوەش بێ ئەملا و ئەولا ئەمریکایە.