پارێزگاری هەولێر: 86 تاوانی جۆراوجۆر لە ڕۆژەکانی پشووی سەری ساڵ ئەنجامدران
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، سەری ساڵ پێشوازی لە 88 هەزار گەشتیار کراوە
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاماری چالاکی و ڕووداوە نەخوازراوەکانی لە ڕۆژەکانی پشووی سەری ساڵ بڵاوکردوە.
ئەمڕۆ شەممە نووسینگەی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، پلانی پێشوازی لە ساڵی نوێ، لە 25-12- 2025 تا 1-1-2026 بەردەوام بوو و سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و گەشتیاران بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران، تێیدا لە ماوەی پشووەکاندا پارێزگای هەولێر پێشوازی لە 88 هەزار و 341 گەشتیار کردووە، کە لە ڕێگەی بازگەکانییەوە هاتوونەتە ناو شار و ناوچە گەشتیارییەکان.
سەبارەت بە ڕەوشی ئەمنی و هاتووچۆ، لەماوەی پشووەکاندا، 86 حاڵەت و تاوانى جۆراو جۆر ئەنجامدراوە، 85 حاڵەت و تاوان ئاشکراکراوە و 1 تاوانیش لەژێر لێکۆلینەوەدایە، هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە 113 ئەفسەر و 937 کارمەندەوە لە ئەرکدا بوون، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساکان و خێرالێخوڕینەوە، 17 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 9 کەسی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگاکە پێشوازییان لە 5,486 نەخۆش کردووە و 502 نەشتەرگەری ئەنجامدراوە، هەروەها 294 منداڵ لەدایکبوون (127 کوڕ و 156 کچ).
لە ڕووی شارەوانی و ژینگەپارێزییەوەش، تەنیا لە شەوی سەری ساڵدا 30 تۆن پاشماوە و زبڵ و خاشاک لە شوێنە گشتییەکان کۆکراوەتەوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 128 هەزار دار و 106 هەزار گوڵ لە شاردا چێندراون، هاوکات بەهۆی شەپۆلی بەفر و بارانەوە، تیمەکان بە 72 ئامێری جۆراوجۆرەوە، 1,100 کیلۆمەتر ڕێگای سەرەکییان پاککردووەتەوە و 180 تۆن خوێیان بۆ تواندنەوەی بەفر بەکارهێناوە.