د. لەتیف ڕەشید دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید دەکاتەوە
پارتی و یەکێتی بە جیا بۆ دیاریکردنی کاندیدەکانیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کۆدەبنەوە و د. لەتیف ڕەشیدیش دووبارە خۆی بۆ ئەم پۆستە کاندید دەکاتەوە
پارتی و یەکێتی بەجیا لە هەولێر و سلێمانی لەسەر دۆسییەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆببنەوە.
ئەمڕۆ شەممە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، لە هەنگاوێکدا كە بۆ سەركردە كوردەكان كتوپڕ بووە، د. لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری ئێستای عێراق جارێکی دیکە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکاتەوە.
هەر سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە تا ئێستا یەکێتی کاندیدی فەرمی خۆی پێشکەش نەکردووە و بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو ناوی کۆتایی رابگەیەنرێت، کە دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی كۆماری عێراق، ئەوی هەیە لیستی نافەرمی ناوی کاندیدەکانە کە میدیاکان بڵاویان کردووەتە، بەڵام تائێستا رێككەوتن لەسەر کاندیدێکی كۆتایی نەكراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەیەکی باڵا لەسەر تاوتوێکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی، بە تایبەتی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات.
لەلایەکی دیکەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی، بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ دیاریکردنی کاندیدەکانیان ئەنجام دەدات.