پایتەخت

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت بۆ ماوەیەکی نادیار داخرا

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت بۆ ماوەیەکی نادیار داخرا
کورتە

بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە دەروازەیەکی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان داخرا

بەفرێکی زۆر لە سنووری کوردستان و تورکیا باریوە و هەر بەم هۆیەشەوە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا تا ماوەیەکی نادیار داخرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و گیران و نالەباریی دۆخی ڕێگاکان و ناجێگیربوونی کەشوهەوا، لەلایەن هەردوو دەروازەی دەرەجیک لە تورکیا و زێت لە هەرێمی کوردستان، ئاگادار کراینەوە کەوا هاتووچۆ بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان هۆکاری داخستنی دەروازەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە بەهۆی سەرما و بەفربارینەوە تەواوی ڕێگاکانی ئەو سنوورە بەستراون و بە هیچ شێوەیەک هاتووچۆی گەشتیاریی تێدا ئەنجام نادریت.

لەکاتێکدا ئەم بڕیارە بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکە دراوە، کە سەری ساڵی نوێیە و هاوکات بەفر و بارانێکی زۆر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی گرتووەتەوە، هەر ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران.

01 کانونی دووەم 2026 11:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026