پایتەخت

نزیکەی 130 ڕۆژنامەنووس لە ساڵی 2025ـدا کوژراون

نزیکەی 130 ڕۆژنامەنووس لە ساڵی 2025ـدا کوژراون
کورتە

ئاماری توندووتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی 2025 بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، 128 ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان کوژراون، کە زیاتر لە نیوەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2025ـدا 128 ڕۆژنامەنووس کوژراون و 533 کەسیش دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان (IFJ) ئامارێکی لەبارەی کوژران و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، کە بەشێکی زۆری ئامارەکە پەیوەندیدارە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

بەپێی ئەو ئامارەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان، لە ساڵی 2025ـدا 128 ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان کوژراون، کە زیاتر لە نیوەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون.

ئەنتۆنی بێلانگەر، سکرتێری گشتی IFJ ڕایگەیاندووە، ئاماری ساڵی 2025 بەنیسبەت ساڵی 2024 زۆرترە و ئەمەش تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکی گشتیی و جیهانییە بۆ سەرجەم هاوکارانمان لە سەرانسەری دونیادا، کە دۆخی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرن و وەکو پەیامێک سەیری بکەن.

 

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی فیدراسیۆنەکە، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 56 ڕۆژنامەنووس تەنیا لە فەلەستین و غەززە کوژراون، کە نیگەرانیی ئەو فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەی لێکەوتووەتەوە.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کردووە، وڵاتانی یەمەن، ئۆکراینا، سودان، هیندستان و پێرۆ زۆرترین ژمارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسانیان تێدا تۆمار کراوە.

هاوکات فیدراسیۆنەکە نیگەرانی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنی 533 ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا دەربڕی و لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە نزیکەی نیوەیان لە وڵاتی چین و هۆنگ کۆنگن.

سکرتێری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەشکرد، کوژرانی ئەم ژمارەیە لە ڕۆژنامەنووسان جێگەی نیگەرانییە و ئاماژەیە بۆ زۆرتر  بوونی تووندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەگەری و چالاکوانانی ئەم بوارە لە سەرانسەری جیهاندا.

01 کانونی دووەم 2026 10:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026