پایتەخت

شەپۆلی بەفر بارینەکە بەردەوام دەبێت 

شەپۆلی بەفر بارینەکە بەردەوام دەبێت 
کورتە

هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند، شەپۆلی بەفر بارینی ئەمڕۆ کە هەولێری گرتووەتەوە، تاوەکو سبەی بەرەبەیانی بەردەوام دەبێت

بەفر بارین هەولێریشی گرتەوە و شەپۆلەکە تا دوو ڕۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت، شارەزایەکی کەشناسی وردەکارییەکانی بۆ پایتەخت میدیا خستە ڕوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا تایبەت بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، شەپۆلی بەفر بارینی ئەمڕۆ کە هەولێری گرتووەتەوە، تاوەکو سبەی بەرەبەیانی بەردەوام دەبێت و لەو قۆناغەدا کۆتایی دێت، بەڵام لە سبەی شەوەوە بە ئەگەری زۆر دیسان دەستپێدەکاتەوە و بارینەکەی بەردەوام دەبێت. 

لەبارەی پلەکانی هەوا ئەو شارەزای کەشناسییە ڕایگەیاند، بەپێی ئەو بارستە هەوایەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، سەرجەم ناوچەکانی هەرێم سارد دەبێت، زۆربەی ناوچەکان پلەی سەرما دەگاتە ژێر سفر، بەڵام لە هەندێک ناوچەی شاخاویی و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەتایبەتی پلەکانی سەرما تاوەکو 16- پلەی ژێر سفریش دادەبەزن.

هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی ئەوەشی باس کرد، شەپۆلەکە بەهێزە، چونکە هەولێر 428 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و بەفر زیاتر ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە 500 مەتر لە ڕووی دەریاوە بەرزن، بەڵام چونکە شەپۆلەکە بەهێزە، هەولێر و ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە بەرزاییان لە 500 مەتریش کەمترە.

29 کانونی یەکەم 2025 16:33
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026