پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار
سەرۆک بارزانی لەسەر هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، نابێت چیتر لایەنێك پۆستی سەرۆککۆمار بە موڵكی تایبەتی خۆی بزانێت
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە، کە دەبێت میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
لە بارەی میکانیزمی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆمار، سەرۆک بارزانی سێ بژاردەی خستەڕوو: یەکەم: یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت.
دووەم: یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون.
سێیەم: یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پارلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانیەكان كۆ ببنەوە بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.
مسعود بارزانی
29ی كانوونی یەكەمی 2025