ئێران سێ مانگی دەستکردی بە ناوەکانی زەفەر و پایا و کەوسەری ناردە بۆشایی ئاسمان
ئێران سێ مانگی دەستکردی دیکەی ناردە بۆشایی ئاسمان
سێ مانگی دەستکرد بە ناوەکانی زەفەر، پایا و کەوسەر لەلایەن ئێرانەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، بە یارمەتیی ڕووسیا، ئێران سێ مانگی دەستکردی دیکەی ناردە بۆشایی ئاسمان.
کاتژمێر ١٦:٤٨ـی ئەمڕۆ، کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بنەکی ڤۆستۆچێنیی ڕووسیاوە، بە کەڵکوەرگرتن لە ئامێری هەڵدانی سەتەلایتی ڕووسی بە ناوی سۆیوز، توانیی سێ مانگی دەستکرد بنێرێتە بۆشایی ئاسمان.
بنکەی ئاسمانیی ڤۆستۆچێنیی ڕووسیا دەکەوێت دوورترین خاڵی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و پێشکەوتووترین ئامێرەکانی هەڵدانی سەتەلایتی تێدایە، هاوکات ئامێری هەڵدانی سەتەلایتی سۆیۆز، بە یەکێک لە ئامێرە تایبەتەکانی ئەو بوارە دادەنرێت، کە ڕووسیا چەندین ساڵە پشتی پێ بەستووە.
ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەند جار هەوڵی داوە مانگی دەستکرد بنێرێتە بۆشایی ئاسمان، ئەمجارەش ئەم مانگە دەستکردانە لە بەرزی نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە ڕووی زەویەوە جێگیر دەبن؛ خولگەیەک کە گونجاوە بۆ وێنەگرتنی زەوی و داتا کارپێکراوەکان لە دوورەوە، لە هەمان کاتدا پەیوەندی خێرا و گواستنەوەی زانیاری لەگەڵ وێستگە زەمینییەکان چالاک دەکات.
تاوەکو ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێوەی فەرمی داتای وردی لەبارەی ئەرک و چۆنییەتیی کارپێکردنی ئەو سێ مانگە دەستکردە نەخستووەتە ڕوو.