ڕێگری لە گواستنەوەی 30 کیلۆ ماددەی هۆشبەر بە باڵۆن کرا
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق پووچەڵکردنەوەی هەوڵێک بۆ بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری لە پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند
تا دێت گواستنەوە و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە پارێزگاکانی عێراق زۆرتر دەبێت و لە بەرامبەریشدا ڕێکارەکان بۆ نەهێشتنی ئەو جۆرە تاوانانە چڕتر دەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق پووچەڵکردنەوەی هەوڵێک بۆ بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، قاچاخچییەکان هەوڵیانداوە زیاتر لە 30 کیلۆ ماددەی هۆشبەر بە بەکارهێنانی باڵۆنێکی باڵدار لە سنووری نێودەوڵەتیی ڕۆژئاوای ئەنبار بهێننە ناوەوە، بەڵام هێزەکانی پاسەوانی سنوور وریا بوون و ڕێگریان لەم هەوڵە کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، مەفرەزەکانی فەوجی 1ی لیوای 6ی سنووری لە فەرماندەیی هەرێمی سنووری 2 سەرکەوتووانە هەوڵی قاچاخچێتییان پووچەڵکردەوە، ڕاپۆرتێکی فەرمی دەستبەسەرداگرتن ئامادەکرا، و ڕێوشوێنی یاسایی پێویست گیراوەتەبەر.
ماوەیەکە قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق ڕوویان کردووەتە بەکارهێنانی باڵۆن بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە بە ئامانجەکانیان بگەن.