پایتەخت

بڕیاری لەسێدارەدان بۆ یەکێک لە تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان دەرچوو

بڕیاری لەسێدارەدان بۆ یەکێک لە تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان دەرچوو
کورتە

دادگای ڕەسافە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ یەکێک لە تاوانبارانی ئەنفالی بارزانییەکان دەرکرد

دوو تاوانباری کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق دادگەیی کران، یەکێکیان سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو و یەکێکیشیان ئازاد کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەیاد کاکەیی پارێزەری دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکان لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە لێدوانێکدا تایبەت بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پڕۆسەی دادگەیی دوو تاوانباری کۆمەڵکوژکردنی بارزانییەکان بەڕێوەچوو و بڕیاری لەسێدارەدان بۆ شاکر تەها یەحیا غەفوور دووری، یەکێک لە تاوانبارانی جینۆسایدی بارزانییەکان دەرکرا.

ئەیاد کاکەیی بۆ پایتەخت میدیا ئاشکرای کرد، شاکر تەها یەحیا غەفوور دووری لە سەردەمی بەعسدا پلەی لیوای هەبووە، بەڵگەی پێویست لەسەر کردەوەکانی هەیە و خۆی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، ئەو دەستی هەبووە لە هەڵکەندنی گۆڕی بەکۆمەڵ و کۆمەڵکوژکردنی بارزانییەکان لە ناوچەی فەلوجە، هەر بۆیە دادگە بەپێی یاسای پەیوەندیداری عێراقی و بە ئامادەبوونی دادخوازان، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد.

 

جیا لە شاکر تەها یەحیا غەفوور دووری، لیوا سەعدون سەبری جەمیل ئەلقەیسی یەکێکی دیکە لە تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان بووە و لە دادگە ئامادە بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچووە.

ئەیاد کاکەیی هۆکاری ئازادکردنی سەعدون سەبری جەمیلی بەمشێوەیە ڕاگەیاند، لە سەردەمی بەعسدا ئەو بەرپرسی لقی 5ـی ئاسایشی بەغدا بووە و ئەو دەزگایە تایبەت بووە بە حیزبە ئاینییەکان نەک گروپ و ڕێکخراوی سیاسیی کوردی، هەروەها بەڵگەی پێویست لەمبارەیەوە لەسەری نەبووە و دادگە بڕیاری ئازادکردنی داوە.

جێگای ئاماژەیە، کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان ساڵی 1983 و لەسەر دەستی ڕژێمی لەکارلادراوی بەعس ڕوویدا، نزیکەی 8 هەزار پیاو و کوڕی بارزانییەکان لەو جینۆسایدەدا کوژران و بەوهۆیەوە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بە جینۆسایدی دژی مرۆڤایەتی تۆماری کرد.

28 کانونی یەکەم 2025 12:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026