پایتەخت

دەنگ لەسەر دروستکردنی هەرێمی بەسرە دەدرێت 

دەنگ لەسەر دروستکردنی هەرێمی بەسرە دەدرێت 
کورتە

ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەنگدان لەسەر کاراکردنی مەلەفی هەرێمی بەسرە

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە باس لەوە دەکات، ئەنجوومەنی پارێزگاکە بەنیازە بە کۆی دەنگ، دەنگ بدات بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی بوون بە هەرێم.

عیماد موتەیری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ڕایگەیاندووە، لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنەکەدا شایەتحاڵی دەنگدانی کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەبن بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە.

موتەیری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی جیابوونەوە لە عێراق ناکات، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ئیدارییە کە مافەکانی پارێزگاکە دەگەڕێنێتەوە، ئێمە گەشبینین بەم هەنگاوە و کۆدەنگی سیاسی لە ناو ئەنجوومەنەکەدا هەیە لەسەر ئەم بابەتە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ڕاشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو دۆسییەکە وەک داواکارییەکی فەرمی پێشکەشی نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ڕێکارەکان، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری دامەزراودا دێت و لەگەڵ دەسەڵاتی حکومەتە خۆجێییەکان یەکدەگرێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەنگدان لەسەر کاراکردنی مەلەفی هەرێمی بەسرە، ئەمەش بە بەشداری هاوپەیمانی تەسمیم بە سەرۆکایەتیی پارێزگار ئەسعەد عیدانی.

27 کانونی یەکەم 2025 16:36
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026