پایتەخت

پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردێت

پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردێت
کورتە

ئەمشەو سێ کاندیدی شیعە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کێبڕکێ دەکەن

چوارچێوەی هەماهەنگی، کە هێزە سیاسییە شیعەکان یەکدەخات، بەنیازە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە نووسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، ئەمەش بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان.

سەرچاوەیەک لەناو چوارچێوەکەدا ڕایگەیاند، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نوسینگەی عەمار حەکیم ئەنجامدەدەن بۆ هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، پۆستێک کە بۆ پێکهاتەی شیعە تەرخانکراوە، ئەم پۆستە پێویستی بە (15) خاڵ هەیە، واتە (15) کورسی پەرلەمان.

ئەو سەرچاوەیە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ئاماژەی بەوە کردووە، سێ کاندید بە فەرمی بۆ ئەم پۆستە لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کاندیدکراون، ئەوانیش عەدنان فەیحان لە عەسائیب ئەهلی حەق، موحسین مەندەلاوی لە هاوپەیمانی ئەساس و هێزە پاڵپشتەکانی و ئەحمەد ئەسەدی لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.

هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕێککەوتنی کۆی دەنگ بڕیار لەسەر یەکێک لەو ناوانە دەدرێت بۆ ئەوەی کاندید نوێنەرایەتی هەموو هێزەکانی چوارچێوەکە بکات. تا ئێستا نازانرێت کام ناو هەڵدەبژێردرێت.

تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزە سیاسییە شیعەکان لەخۆدەگرێت، نەیتوانیوە لەسەر سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕێکبکەوێت، لەمبارەیەشەوە تەنیا بەیاننامە فەرمییەکان درێژەی دیالۆگ و گفتوگۆکانی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە ئەولەویەتە نیشتمانییەکانی داهاتوو پشتڕاست دەکەنەوە.

27 کانونی یەکەم 2025 16:04
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026